وشکە ساڵی تەنگی بە زۆنگاوەکانی باشووری عێراق هەڵچنیوە

لڤین

بەهۆی کەمی باران بارینەوە، وشکەساڵی تەنگی بە زۆنگاوەکانی باشووری عێراق هەڵچنیووە و ئەمەیش کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە کە تاکە سەرچاوەی داهاتیان لەسەر ئاژەڵدارییە.

زۆنگاوە بەرفراوانەکانی پارێزگای زیقار (ناسرییە) لە باشووری عێراق کە سەرچاوەی ئاوەکەیان لە رووباری فوراتەوە دێت، بەهۆی کەمبوونەوەی باران بارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، وشکەساڵی رووی تێ کردووە.

دانیشتووانی زۆنگاوەکان کە ژیانیان لەسەر ئاژەڵدارییە و بەشی هەرە گرنگی ژیانیان وابەستەیە بە ئاوەوە، نیگەرانن لەو دۆخە و خەمبارن لەوەی ناوچەکە کە سروشتێکی ئێجگار دڵڕفێنی هەیە دەبێت بە بیابان.

پزیشکی ڤێرتێنەر، ویسام ئەسەدی کە لە ناوچەی زۆنگاوەکان کار دەکات بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەم ناوچەیە گەورەترین ناوچەی زۆنگاوەکانە لە نیچمەدوورگەی عەرەبی، گوتی: “لێرە خەڵکانێکی زۆر ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵەکانی وەک گامێشە، بەڵام ئەو وشکەساڵییەی بەهۆی کەمبوونەوەی باران بارین و خەمساردی حکوومەت دروست بووە، کاریگەرییەکی ئێجگار نەرێنی کردووەتە سەر ئاژەڵداری لە ناوچەکە و ئاژەڵداری گەیاندووەتە خاڵی کۆتایی”.

ئاژەڵدار وەلید مۆهان’یش گوتی: “وشکەساڵی باڵی بەسەر زۆنگاوەکاندا کێشاوە و ئاژەڵەکانمان مردار دەبن. ئیدی هۆکارێکیش نەماوە بۆ ئەوەی لێرە درێژە بدەین بە ژیان، ناچار دەبین ناوچەکە جێ بهێڵین و کۆچ بکەین”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button