لە هەرێمی کوردستان 999 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا لانیکەم 999 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. هەروەها زیاتر لە 1200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر کە کێشەکەی لە دادگە یەکلایی بووەتەوە، لەنێوبراون و سووتێندراون، جگە لە لەنێوبردنی هەزاران حەبی هۆشبەر.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەو 999 تۆمەتبارە دراونەتە دادگەکان، 682 تۆمەتباریان لەلایەن دادگەوە سزادراون و 338 تۆمەتباری دیکەشیان دوای تەواوبوونی سزاکانیان ئازادکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، 45 تۆمەتباری دیکەش بە دەستەبەری (کەفالەت) ئازادکراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە، 132 کیلۆگرام و 729 گرام بووە، هەروەها ئەو دەرمانی پزیشکییە هۆشبەرانەیش دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە “282 شیت و 136 پاکەت.”
هاوکات، هەر لەو ماوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستی بەسەر چوار هەزار و 450 دۆلاری ساختەدا گرتووە.
ئەو بڕەیش لە ماددەی هۆشبەر کە کێشەکانیان لە دادگا یەکلابووەتەوە و سووتێندراون و لەنێوبراون بڕەکەی 1230 کیلۆگرام و 950 گرام ماددەی هۆشبەر، 22 هەزار و 886 شیت حەبی هۆشبەر، 1001 دانە شرووب و هەزار و 280 دانە دەرزیی هۆشبەر بوون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی داوەتە ئەو کەسانەی کە بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، “دوورکەونەوە لەو کارە ترسناکە و چارەنووسی خۆیان بپارێزن، کە لە ئەنجامدا دەستگیر دەکرێن و رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button