خەڵک بدۆڕێنی خاکیشت دۆڕاندووە

ئارام قادر حەمە سور

بێگومان دەسەڵات خۆی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەستە بە خەڵک، دەسەڵات دەتوانێ کۆمەڵگە بکاتە بەهەشت، کۆمەڵگەش دەسەڵات دە‌پارێزێ. کاتێ دەسەڵات دۆزەخ بۆ کۆمەڵگە درووست دەکات، کۆمەڵگەش دەسەڵات جێ دێڵێت. دەسەڵات بەبێ خەڵکەکەی دەبێتە لاوازترین دەسەڵات و بەئاسانی دەڕووخێت.
هەر دەسەڵاتێک خەڵکی لە دەست دا، بێگومان خۆشی کۆتایی دێت. ئەوەی تاک دەبەستێتەوە بە دەسەڵات ئینتیمای خاکە، ئینتیما ئەو وزە دەروونییەیە کە دەتوانێ دەسەڵات بەهێز بکات. ئەوەی ئینتیما درووست دەکات بوونی دەسەڵاتێکی دادگەرە، هەر وڵاتێک ئینتیمای تێدا نەما داگیرکردنی زۆر ئاسانە، چونکە ئەوەی بەرگری دەکات خەڵکە نەک بەرپرسان. هەر وڵاتێکیش داگیر کرابێت و خەڵکەکەی ئینتیمای نیشتمانی هەبووبێت، لە کۆتاییدا داگیرکەریان بەزاندووە.
ئینتیمای نیشتمانی ڤاکسینی مانەوە و بەهێزی دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی ستەمکار و خۆسەپێن هەرگیز ناتوانێ ئینتیما درووست بکات، بۆیە هەمووکات پاروویەکی چەوری نەیارانە. هەرێمی کوردستان بە دەست دەسەڵاتەوە لە لووتکەی نەبوونی ئینتیمایە. گوێ لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا بگرە دەزانی کۆمەڵگە داروخاوە بەهۆی دەسەڵاتێکی نادادگەر. دەسەڵاتێک دووشت دەزانێت، یەکەم درووشم و درۆی گەورە “تەمەنا ئەکەین بێن”، دووەم هەڵاتن “لە شەڕدا هەڵاتنیش دەبێت”
حەقیقەتی سۆسیۆلۆژییە مرۆڤ بەهۆی نادادگەریی زۆرەوە نیشتیمان لە دەست دەدات، بەڵام سەرانی کورد گوێیان نەگرت لە کۆمەڵناسێک و سیاسەتوانێکی بە پەرۆش. دەسەڵاتی کـەڕ کۆمەڵگەی وێرانی درووست کردووە و بنەماکانی لە سەر بەفر داناوە.
ئەوەی خەڵکی دۆڕاند خۆشی دۆڕاندووە، تەنیا کاتی ڕاگەیاندنی دۆڕانەکە ماوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button