بایدن بە نیازە سزای زیاتری ڕووسیا بدات

لڤین:

سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزی وت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕێکدەکەون لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی زێڕی ڕووسیا، لەکاتێکدا سزاکانی سەر مۆسکۆ فراوانتر دەکەن کە بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا بەسەریدا سەپێندراون.

ئەمەریکا ڕابەرایەتی جیهانی کردووە لە سەپاندنی سزای توندی ئابووری بەسەر ڕووسیادا، ئەوەش لەپێناو ئەوەدا کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن نەتوانێت ئەو داهاتەی دەست بکەوێت کە پێویستییەتی بۆ پشتیوانیکردن لە جەنگەکەی لە ئۆکرانیا.

بەپێی سەرچاوەکە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە نەخشەیەک دادەڕێژێت تیایدا هاوردەکردنی زێڕ لە ڕووسیاوە بۆ ئەمەریکا قەدەغە دەکات، ئەمەش لە هەنگاوێکی دیکەدا کە ئامانج لێی زیاتر پەراوێزخستنی ڕووسیایە لە ئابووری جیهان و ڕێگەگرتنە لە بەشداریکردنی ڕووسیا لە بازاڕی زێڕدا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات.

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سزاکانی ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ بارەکانی زێڕی ڕووسیایان نەکردۆتە ئامانج، بەڵام زۆرێک لە بانک و کۆمپانیاکانی بارکردن و پاڵاوگەکان مامەڵەکانیان لەگەڵ کانزاکانی ڕووسیادا ڕاگرتووە.

زێڕ سەرمایەیەکی گرنگی بانکی ناوەندی ڕووسیایە، کە لە ئێستادا بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە هەندێک لە سەرمایەکانی لە دەرەوەی ڕووسیادا سڕکراون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button