کازمی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆبۆیەوە

لڤین:

سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ سعوودیە لەگەڵ جێنشینی ئەو وڵاتی محەمەد بن سەلمان کۆبوویەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعوودیە خراوەتە بەرباس، ھەروەھا گفتوگۆیش کراوە لەبارەی چۆنێتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.

راشیگەیاندووە کە لە بەشێکی گفتوگۆکانی نێوان مستەفا کازمی و محەمەد بن سەلمان، ژمارەیەک پرسی گرنگ لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی، ھەروەھا ئەو ھەوڵانەی کە بە ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاسایش و ھێورکردنەوەی رەوشەکە لە ناوچەکە خراونەتەگەڕ، تاوتوێ کراون.

باسی لەوە شکردووە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکراوەتەوە لەسەر پاڵپشتیکردن لە تەواوکاریی ئابووریی و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و سعوودیە بۆ پتەوترکردنی گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکە، ئەوەیش ئامانجی بەھێزکردنی ھەوڵە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان.

ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق رۆڵێکی گرنگ لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لە ناوچەکە دەگێرێت، ھەروەھا ھەوڵەکانیشی بە ئامانجی ھێورکردنەوەی رەوشەکە و گفتوگۆی بنیاتنەرانەی نێوان لایەنەکان لە ناوچەکە خستووەتەگەڕ.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button