ئێران.. بەندکراوێکی سیاسی کورد لە سێدارە درا

لڤین:

تەرمی فیرووز مووسالوو تەمەن ٣١ ساڵ و بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە پارێزگای ئورمیە کە ڕۆژی ڕابردوو بە نهێنی و بێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەرەکەی لەسێدارە درابوو، بە نهێنی و بێ ئاگاداری بنەماڵەکەشی ئەسپەردە کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مووسالوو لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: “ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەمان ئەمڕۆ سێشەممە لە پێش بینای دادگای شۆڕشی ئورمیە کۆ بووینەتەوە و ویستوومانە کە تەرمی فیرووز ڕادەستمان بکەنەوە، بەڵام بەرپرسە ئەمنییەکان لە وڵامی ئێمەدا وتوویانە تەرمێک لە ئارادا نییە و خۆمان بە نهێنی ئەسپەردەمان کردووە “.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتیشی کە بنەماڵەی مووسالوو شەوی ڕابردوو هەتا ئەو کاتەی هەواڵی لەسێدارەدانی فیرووز بڵاو نەبووەتەوە بێ ئاگا بوون.

بەگوێرەی یاسا نیودەوڵەتییەکان، هەتا کاتی ئاگاداربوونی بنەماڵە و ڕادەستکردنەوەی تەرم، پرسی فیرووز مووسالوو هێشتا وەک بێ سەر و شوێن کردنی زۆرەملێ هەژمار دەکرێت و تاوانێکی نێودەوڵەتییە.

سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو لەکاتێکدا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان بە نهێنی جێبەجێ کرا کە ناوەندە ئەمنییەکان ئیزنیان نەداوە دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای باڵا بکرێت. بەو حاڵەشەوە ماڵپەڕەکانی نزیک لە ناوەندە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە دۆسیەکەی چووەتە دادگای باڵا و هەنگاو ئەم دەنگۆیە بە درۆ دەخاتەوە.

فیرووز مووسالوو کە پێشتر ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧١٩ دوای وەرگرتنی ئەمان نامە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ دوای پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە، بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی لەو بەندە ڕاگیراوە.

فیرووز مووسالوو دواجار مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دوای ٣٢ مانگ ڕاگیرانی لە بەندیخانە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی موحاریبە لە ڕێگای «ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button