پەرلەمانی کوردستان یاسای نەوت و گاز هەموار دەکاتەوە

لڤین:

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان خراوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکانیش دەڵێت، “گۆڕانکاریی زۆر لە یاساکەدا ناکرێت و تەنیا یەک بڕگە دەستکاری دەکرێت.”
رۆژی سێشەممە 21-06-2022 گولیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی رووداوی راگەیاند، “گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا ناکرێت، بەڵکو ئەوەی دەگۆڕێت تەنیا ماددەی چوارەمی یاساکەیە کە پەیوەندیی بە ئەنجوومەنی هەرێمیی نەوت و گازەوە هەیە.”
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، “بەپێی ماددەی چوارەمی یاساکە، ئێستا ئەنجوومەنی هەرێمیی نەوت و گاز بریتین لە پێنج ئەندام، بەپێی هەموارە نوێیەکە کە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی بۆ زیاد دەکرێت و دەبن بە شەش کەس.”
بڕیارە به‌پێی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی ژماره‌ 7ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ كاژێر 10:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە 22-06-2022 بەڕێوەبچێت، بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە چەند پرۆژە یاسایەک هەموار دەکرێنەوە، لەوانەش، یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە، یاسای نەوت و گاز، لەگەڵ دەنگدان لەسەر ژمارەیەک پێشنیاز و پڕۆژەیاسا.
بەپێی ماددەی چواری یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی هەرێمیی نەوت و گاز پێکدێت لە “سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران – سەرۆک، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران – جێگر، وەزیرانی سامانە سرووشتییەکان، دارایی و پلاندانان بە پلەی ئەندام.”
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 8دا لە رۆژی 06-08-2007 یاسای ژمارە 22ی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی پەسند کرد کە لە 61 ماددە پێکدێت و ئەگەر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە دەنگی لەسەر بدرێت، یەکەمجارە کە یاساکە هەموار دەکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button