سعوودیە پلانی حەجی ئەمساڵی ئاشکرا کرد

لڤین:

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ھەریەک لە سەرۆکی گشتیی کاروباری مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) و پێشنوێژی کەعبەی پیرۆز، شێخ عەبدولرەحمان ئەلسودەیس و وەزیری حەج و عومرە، د. تەوفیق ئەلرەبیعە تێدا بەشداربوون روونکردنەوە لەسەر پلانی حەجی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە.

شێخ ئەلسودەیس، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حەجی ئەمساڵ بریتییە لە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم، بەرنامە و ئەپی نوێ و ژیریی دەستکرد.

عەبدولرەحمان ئەلسودەیس، باسی لەوە کرد کە گەورەترین پلانی جێبەجێکردنیان بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ ئامادەکردووە و ئەوەی راگەیاند کە پلانەکە پەیوەندی بە ئامانجە ستراتیژییەکانی سعوودیە لە چوارچێوەی دیدگای ٢٠٣٠وە ھەیە.

شێخ عەبدولرەحمان ئەلسودەیس، ئاشکراشیکرد بەپێی پلانەکە بۆ ئەوەی حاجیەکان بە پەرستشەکانی خۆیان بە شێوەیەکی ئاسانتر ئەدا بکەن ١٠ ھەزار کارمەندیان داناوە، تەنھا حاجییەکان بۆیان ھەیە لە چواردەوری کەعبە تەواف بکەن، شوێنی فراوانکراوەکانی دیکە بۆ تەوافەکانی نافیلە جیاکراوەتەوە و دەروازەکانی شا عەبدولعەزیز، شا فەھد و ئەلسەلام بۆ حاجییەکان دابین دەکرێت.

لەلای خۆیەوە وەزیری حەج و عومرە، د. تەوفیق ئەلرەبیع باسی لەوە کرد کە دەیانەوێت بەپێی بارودۆخی تەندروستی وردە وردە ژمارەی حاجییەکان زیاد بکەن.

سعوودیە، بەھۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ ئەدای حەجی تەنھا بۆ ناوەوەی وڵاتەکە و ژمارەیەکی دیاریکراو سنووردار کردبوو.

سعوودیە، کە ئەمساڵ دەرگای وەرگرتنی بۆ حاجییانی دەرەوەی وڵات کردووەتەوە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە ھێشتا کاریگەرییەکانی بە تەواوەتی تێنەپەڕیوە رێگەی بە تەنھا ٣٧ ھەزار و ٧٧٠ کەس داوە لە تورکیاوە بچن بۆ حەج.

سعودیە، ئەوەی راگەیاندبوو کە ئەمساڵ یەک ملیۆن حاجی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات قبوڵ دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button