لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆلێرا لەپارێزگای سلێمانی پێکهێنرا

لڤین:

دوای‌ تۆماركردنی‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ كۆلێرا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆلێرا لەپارێزگای سلێمانی پێکهێنراو لیژنه‌كه‌ پێنج بڕیاریدا.

 ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌:

ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لەدیوانی پارێزگادا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆلێرا کرد.
لەکۆبونەوەکەدا بەئامادەبوونی بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و قائمقامی قەزاکانی (مەڵبەندی سلێمانی و دوکان و شارباژێڕو سەیدسادق و شارەزوورو پێنجوێن) و بەڕێوەبەرەکانی ئاسایش و پۆلیس و ئاوو ئاوی دەوروبەری سلێمانی و خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسی ئۆفیسی WHO لە سلێمانی، بەوردیی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تەندروستیی گشتیی و تۆمارکردنی حاڵەتەکانی کۆلێرا لە سلێمانی و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عیراق و هۆکارو چارەسەرو ڕێکارە چارەسەرسازیی و خۆپارێزییەکان کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە:
یەکەم: پێکهێنانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی بە سەرۆکایەتیی پارێزگارو بە ئەندامێتی فەرمانگا پەیوەندیدارەکان.

دووەم: دەسەڵاتی تەواو لەژێر ڕێنمایی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرادا درایە هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ پێکهێنانی لیژنەی هاوشێوەو جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵا.

سێیەم: دەسەڵاتی تەواو درایە لیژنەکانی قائمقامیەت و فەرمانگا تەندروستیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، کە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگاکانی تەندروستیی و ئاوو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی ترو ئاسایش و پۆلیس ڕێکاری پێویست لەبەرامبەر هەر سەرپێچی و هۆکارێکی پیسبوونی ئاوو خۆراکدا بگرنەبەر.

چوارەم: داوا لە هەموو دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتیانی خۆشەویست کرا، پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بن و بەشداربن لە هەڵمەتی هۆشیاریی و خۆپارێزیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆلێرا.

پێنجەم: داوا لە حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستی و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ئیتحادی کرا بۆ دابینکردنی بودجەی کتوپڕ بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەو دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتیان.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەرییدا پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسی ئۆفیسی WHO لە سلێمانی، دە حاڵەتی چەسپێنراوی تووشبوو بە کۆلێرایان لە سلێمانی بەفەرمیی ڕاگەیاند، کە لەلایەن تاقیگەی ناوەندیی نیشتمانیی عیراقەوە پەسەند کرابوو.

تیایدا داوا لەهاووڵاتیان کرا خۆیان لە بەکارهێنانی ئاو و خۆراکی پیس بپارێزن و پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییە تەندروستیەکان بن و لەکاتی هەر حاڵەتێکی تووشبوون بە سکچوون و نیشانەکانی ئەم پەتایەدا بەخێرایی سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button