وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا زانیاری نوێ لە بارەی کوشتنی قاسم سولێمانی ئاشكرا دەکات

لڤین:

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ رایگەیاند، “فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی كوژراوە، چونكە ئەو لە نێو ئەو كەسانەدا بووە كە پلانی كوشتنی ٥٠٠ ئەمریكییان داڕشتبوو”.

پۆمپیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە کە بنکەکەی لە سعوودیەیە، لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر سولەیمانی دوا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە “حکوومەتی ئەمریکا بۆیە قاسم سولەیمانی کوشت بۆ ئەوەی شکست بەو پیلانە بهێنێت کە کوشتنی ٥٠٠ ئەمریکی بوو” و ئەوەیشی خستەڕوو لەلایەن ئێران-ەوە هۆشدارییان پێگەیشتبوو کە ئەگەر حکوومەتی ئەمریکا سولەیمانی بکوژێت، ئەم دۆخە شەڕێکی لێدەکەوێتەوە.

پۆمپیۆ بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا لە مێژە کار بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی لە عێراق و هاووڵاتییانی لە سووریا دەکات، گوتی: “ئەمریکا چاودێری جموجۆڵەکانی سوپای قودس-ی دەکرد تاوەکو دەرفەتی لەچالاکی خستنی سولەیمانی بۆ رەخسا”.

لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا ١٠ کەس کوژران کە هەردوو فەرماندە و بەرپرسی سەربازیی عێراق و ئێرانی تێدابوو.

دواتر ئێران لە هەشتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا بە مووشەکی بالیستی دوو بنکەی ئەمریکای لە عێراق کردە ئامانج. لە هێرشەکەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژرا، بەڵام دواتر راگەیەندرا کە لە کاتی هێرشەکاندا ١٠٩ سەرباز بریندار بوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button