شاندێکی هەرێمی کوردستان گەیشتە تورکیا

لڤین:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە تورکیایە و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ژمارەیەک پرسی ئابووریی تاوتوێ بکەن. گوتیشی، “دەمانەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە فراوانتر بکەین.”
رۆژی هەینی، 17-6-2022، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا بە  میدیای نزیک لە پارتی راگەیاند: شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرەین بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی ئابووری، لەوانە فراوانکردنی وەبەرهێنان و هەروەها نەهێشتنی ئەو گرفت و کێشانەی لەبەردەم کەرتی ئابووریدا هەن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی: “هەندێک کێشەی ئابووری لە دەروازەکان و گرفتی هاتووچۆی هاووڵاتییان و کێشەکانی سنووری نێوان هەردوولا هەن دەمانەوێت ئەو تەگەرانە نەهێڵین، بۆ ئەوەش شاندەکەمان چەند رۆژێک لە تورکیا دەمێنێتەوە.”
شاندەکە پێکدێن لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی؛ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن؛ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان؛ سامی جەلال، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ؛ گوهدار شێخۆ، بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ عەبدولسەلام رەشید، بەرپرسی بەشی تورکیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
د. محەممەد شوکری ئاماژەی بەوەش کرد کە مەبەستێکی سەردانەکەیان ئەوەیە وەبەرهێنانی تورکیا بەتایبەت لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن.
هەرێمی کوردستان دوو دەروازەی سنووری لەگەڵ تورکیا هەیە، ئەوانیش دەروازەی نێودەوڵەتیی  ئیبراهیم خەلیل و دەروازەی سەرزێری. ساڵانە قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستانە دەگاتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button