دادگاى فیدراڵی دانیشتنی لەبارەی سکاڵای ناردنى 200 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دوادەخات

لڤین:

دادگاى فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکى تایبەت بە تاوتوێکردنى سکاڵایەک بۆ مانگى تەممووزى داهاتوو دوادەخات کە لە دژى ناردنى 200 ملیار دینار لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە.
رۆژی دووشەممە 12ـى حوزەیرانى 2022، وادەی دانیشتنێکى دادگاى فیدراڵیى بوو لەبارەى سکاڵایەک کە لەلایەن هاووڵاتییەکەوە بەناوی جەواد عەبدولکازم عەلوان، لە دژى هەریەک لە مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و عەلى عەللاوى، وەزیرى دارایی عێراق تۆمارکراوە، لەبارەى ناردنى 200 ملیار دینار لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان بە پاساوى ئەوەى ئەو هەنگاوە نادەستوورییە.
سەرچاوەیەک لە دادگاى فیدراڵیى عێراق بە میدیای نزیک لە پارتی راگەیاند، دانیشتنى دادگا لەبارەى ئەو سکاڵایەوە بۆ 18ـى مانگى حوزەیرانى داهاتوو دواخرا.
ئەو سەرچاوەیە کە ئامادەنەبوو ناوى بڵاوبکرێتەوە، ئاماژەى بەوە دا کە دواخستنى دانیشتنەکە بۆ ئەوە بووە دەرفەت بدرێتە سکاڵالێکراوان بۆ وەڵامدانەوەى لیستى چەند زانیارییەک کە لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایی عێراقەوە پێشکێش کراوە، ئەوە جگە لە ئامادەنەبوونى نوێنەرى یاسایی ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لەو دانیشتنەدا.
یەکەم دانیشتنى دادگاى فیدراڵیى لە 11ـى ئایارى 2022 بوو، بەڵام دواخرا بۆ 12ـى حوزەیران و تێیدا داواکرا نوێنەرانى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق و ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئامادەى دانیشتنى دادگەکەبن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button