سەڵتەنەتی ترس

ئامانجی سەرەکیی پەیمانی نێونەتەوەیی دژەئەشکەنجە کە لە ساڵی 1984 بڵاوکرایەوە، بریتیی بوو لە بەنایاساییکردنی بەکارهێنانی توندتوتیژیی بەرامبەر بە مرۆڤ و پاراستنی جەستە و کەرامەتی ئینسان لە هەموو ئازاردان و هەڕەشە و هێرشێکی رێکخراو. ئەم پەیمانە نێونەتەوەییە دەستکەوتێکی گەورەی مرۆڤایەتیی بوو، ئەوەی لەم دەڤەرەی ئێمەشدا خەریکە ببێت بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی سەرانی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، تیرۆری مەعنەویی و ئەشکەنجەدانی جەستەیی هەموو ئەو دەنگانەیە کە نایانەوێت وەک ئەم نەوە سوڵتانییە بیربکەنەوە و قسەبکەن.

کۆمەڵگای ئێمە ساڵانێکە لێوانلێوە لە فۆرمی جیاوازی توندوتیژیی و پراکسیسی زەبروزەنگ. یەکێک لە مەترسییدارترین فۆرمەکانی توندوتیژیی لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە تەرجەمەکردنی ڕقی شەخسیی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارەکانی دەسەڵات لەسەر شەقامەکان و لە دەرەوەی دادگاکان.

دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا بووە بە دەسەڵاتێک کە پەروەردەی سیاسیی تیایدا گۆڕاوە بۆ سزادانی سیاسیی. توندتوتیژیی بووە بە تاکە میتۆدێک بۆ پەروەردەکردنی تاکەکان.

هێز و خواستێکی گەورە و جڵەونەکراو لەناو هەناوی ئەم دەسەڵاتدارێتییەدا ئامادەیە کە دەیەوێت لەبری دیالۆگ و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی، ئەشکەنجەدان و تیرۆر بکات بە زمانی قسەکردن و هەڵسوکەوتکردنی دەسەڵات لەگەڵ کۆمەڵگا.

لە وڵاتی ئێمەدا سیاسەت خەریکە ئازادییەکی ڕەها وەردەگرێت لە پیادەکردنی توندوتیژییدا، چونکە پاراستنی ژیانی ئینسانەکان و ئاساییشی کۆمەڵایەتیی کورتبووەتەوە بۆ پاراستنی ئاساییش و بەرژەوەندییەکانی ئەو نوخبەیەی کوردستانیان گەیاندوەتە قۆناغی دروستکردنی سەڵتەنەتی ترس.


ئاراس فەتاح

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button