نەتەوە یەکگرتووەکان: داوا دەکات لێپێچینەوە لەگەڵ هێرشبەرانی سەر هەولێر بکرێت

لڤین:
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند کە “ھێرشێکی دیکەی بێباکانە کرایە سەر شاری ھەولێر و داوایشی کرد کە ئەگەر ئەنجامدەرانی ھێرشەکە ناسراون، با دەستگیر بکرێن و لێپێچینەوەشیان لەگەڵدا بکرێت”.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تویتێکی لەبارەی ھێرشەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە “کردەیەکی دیکەی بێباکانە کرایە سەر شەوی ھەولێر” و رایگەیاندووە “درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە رێگای ھەولێر- پیرمامی تەقییوەتەوە و بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی برینداربوون و زیانی ماددەیشی لێکەوتووەتەوە”
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیشی نووسیووە “وەک ئەوەی پێشتر گوتومانە، عێراق پێویستی بە ھێزی چەکدار نییە بۆ ناوبژیوانیکردن”.
یۆنامی راشیگەیاندووە: “گرنگە دەسەڵاتی دەوڵەت بچەسپێت، ئەگەر ئەنجامدەرانی ھێرشەکە ناسراون، پێویستە دەستگیر بکرێن و لێپێچەوانەیان لەگەڵ بکرێت”.
شەوی رابردوو تەقینەوەیەک لە هەولێر روویداوە و بە گوێرەی راگەیەندراوێکی دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستان، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەسەر رێگای پیرمام-ھەولێردا تەقییەوەتەوە و لە ئاکامدا سێ ھاووڵاتی برینداربوون، زیانی ماددیش بەر خواردنگەیەک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوتووە.