ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئەنجام دەری هێرشەکەی سەر هەولێری ئاشكرا کرد

لڤین:

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌: “ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە، لە سنووری شارۆچکەی پردێ لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9/6/2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: “هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، ئەو درۆنەی بۆ ئەم هێرشە بەکار هاتووە، لە سنووری شارۆچکەی پردێ لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە”.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: “دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاو کردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە موسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە، ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی ڕای گشتیی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێمى كوردستان کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری”.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ى ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان باس له‌وه‌ش كراوه‌: “ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، دەیانەوێت شکست و لاوازیی خۆیان پەردەپۆش بکەن، گەرنا با ئاسایشی ناو جەرگەی پایتەخت و شارەکانیان بپارێزن”.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌: “هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لە هەمان کاتیشدا ڕایدەگەیەنین، کە ئەو وڵاتانە دەبێت ڕێز لە سەروەریی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button