سبەینێ‌ بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و پلاسخارت کۆدەبنەوە

لڤین:

وابڕیارە كە سبەی پێنجشەممە 9ی حوزەیران، جارێكی دیكە نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەگەڵ سەركردەی شەش لایەنی سەرەكی هەرێمی كوردستان لەبارەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە شاری هەولێر كۆببنەوە، هاوكات پێناچێت ئەمجارە كەسی یەكەمی ئەو لایەنە سیاسییانە بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی نزیک لە یەکێتی بڵاویان کردۆتەوە. سبەی پێنج شەممە 9/6/2022 لەبارەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەشاری هەولێر، (جنین پلاسخارت) نوێنەری سكرتێری گشتی نەتوەیەكگرتووەكان لەگەڵ سەركردەی شەش لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە (یەكێتی نشتیمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆمەڵی دادگەری كوردستان و نەوەی نوێ‌) كۆببنەوە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەش بریتی دەبێت لە گفتوگۆكرن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەریمی كوردستان لەو وادەیەی بۆی دیاركراوە كە بریتیە لە 1/10/2022 .

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەی سبەی (جنین پلاسخارت) لەگەڵ سەركردەی ئەو شەش لایەنە سیاسییە دەیانەوێت بەڕاشكاوانە باس لە گرفتەكانی بەردەم ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بكرێت و پاشان هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە چارەسەركردنی جیاوازییەكانیش بكرێت چ لەڕووی كورسی پێكهاتەكان و فرەبازنەیی و تاك بازنەیی یاخود لەڕووی كاركردنەوەی كۆمیسیۆنەوە، بۆ ئەومەبەستەش نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكرگتووەكان داوا لە بەشدار بووانی كۆبوونەوەكە دەكات لە پێناو نزیك كردنەوەی بۆچوونەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر لایەنە و هەندێك سازش لەسەر داواكارییەكانی خۆیان بكەن.

هەروەها  پێناچێت لە كۆبوونەوەكەی سبەی هەندیك لەلایەنە سیاسییەكان بە كەسی یەكەم بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن، بەو پێیەی كە لە ئێستادا (بافل جەلال تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتی بەسەردانێك لە بەغدایە و هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەبری (مەسعود بارزانی) كە سەرۆكی ئەو حزبەیە (فازیل میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی دەنیرێتە كۆبوونەوەكەوە لەگەڵ ئەوەشدا (شاسوار عەبدواحید) سەرۆكی نەوەی نوێ‌ بەشداری كۆبوونەوەكە ناكات و (هیمداد شاهین) وتەبێژی ئەو حزبە بەشداری كۆبوونەوەكە بكات، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئاخۆ هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی كۆمەڵەی دادگری بە كەسی یەكەم بەشداریدەكەن یاخود ئەوانیش نوێنەریان بەشداری دەكات

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button