بەڵێن ئیسماعیل: پێویستە داهاتى هەرێمى کوردستان بە دادپەروەرى بەسەر سەرجەم ناوچەکان دابەش بکرێ

لڤین:
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ بەسیستم کردنى بانکەکانى هەرێمى کوردستان رێوشوێنى یەکەمە بۆ چاکسازى لە داهات و خەرجییەکان، دواى ئەوە پێویستە سەرجەم داهاتى هەرێمى کوردستان کۆبکرێتەوە و بە عەدالەت بەسەر سەرجەم ناوچەکان دابەش بکرێ، ناکرێ ناکۆکى سیاسى ببێتە هۆى ئەوەى بە یەکسانى مامەڵە لەگەڵ سەرجەم خەڵکى کوردستان و ناوچەکان نەکرێت.
بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامى ئەو لیژنە پەرلەمانییەى بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخى دارایى سلێمانى پێکهێنراوە، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەلایەن بانکى هەرێم/ سلێمانى داوا لە دیوانى چاودێرى دارایى کراوە بۆ وردبینى کارەکانیان و داهات، لیژنەیەکى ئەنجومەنى وەزیرانیش هەیە بۆ هەمان بابەت و ئێمەش کار لەسەر ئەو پرسە دەکەین و تەشخیسى کەموکورتییەکان و کێشەکانمان لەبارەى کۆى داهات لە هەرێمى کوردستان، سەرجەمى ئەو ئەنجامانەى پێى گەیشتوین لە راپۆرتى کۆتایی ئاڕاستەى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى دەکەین و بۆ راى گشتى ئاشکرا دەکەین.
ئاماژە بەوەش دەکات؛ بەسیستم کردنى بانکەکانى هەرێمى کوردستان رێوشوێنى یەکەمە بۆ چاکسازى لە داهات و خەرجییەکان، “دواى ئەوە پێویستە داهاتى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى مەرکەزى کۆبکرێتەوە و بە عەدالەت بەسەر سەرجەم ناوچەکان دابەش بکرێ، ناکرێ ناکۆکى سیاسى ببێتە هۆى ئەوەى بە یەکسانى مامەڵە لەگەڵ سەرجەم خەڵکى کوردستان و ناوچەکان نەکرێت”.