سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و شاندێکی پارتی کۆبوونەوە

لڤین: دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر، هۆشیار زێباری، بە سەرۆکایەتی شاندێکی پارتی، لە بەغدا لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبوەوە.

ئەمڕۆ لە شاری بەغدا، شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نوسینگەکەی کۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەکان هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و هەرێمی کوردستان و عێراق کردووەتەوە بەجۆرێک هاوتا بێت لەگەڵ ماددەکانی دەستووری عێراق.

هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی پتەوکردنی هەوڵی هاوبەشی نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە کردوەتەوە، بەتایبەت لە بواری دژە تیرۆر و هاوکاری لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری ئەمنی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

سەردانەکەی شاندە باڵاکەی پارتی لەدوای ئەوەدێت کە پاش هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر، بەرپرسانی پارتی ناڕاستەوخۆ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە حەشدی شەعبیان بەئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button