مەزڵوم کۆبانی لە بارەی هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ

لڤین:

فەرماندەی گشتیی قەسەدە ڕایگەیاند، ئەوان ئامادەن و بەهێزترن بۆ وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تورکیا، پێشی وایە دەوڵەتی تورکیا لە شەڕدا سەرناکەوێت و دەڵێت: ئەگەر تورکیا هێرش بکات، بەرخۆدانێکی مێژوویی نیشان دەدەین.

مەزڵوم عابدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە شەوی ڕابردوو لەمیانی بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی ڕووناهی دەرکەوت و هەڵسەنگاندنی بۆ هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.

عبدی ئامادەیی خۆیانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ دەربڕی و وتی: ئامانجمان چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەی ناوچە داگیرکراوەکانمان چارەسەر بکەین، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی دانووستانەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کێشەکانمان چارەسەر بکەین.

وتیشی: پێویستە هەموو لایەک بزانن، کە دیالۆگ دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانی سووریا بهێنێت.

فەرماندەی گشتیی قەسەدە ئاماژەی بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرد بەرامبەر تورکیا و وتی: ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕووسیا و ڕژێمی سووریا تا ئێستا لە دژی هێرشێکی تورکیا هەڵوێستیان هەبووە، لەوباوەڕەشداین کە هەڵوێستی دژە هێرش بەردەوام دەبێت، بەڵام دەبێت بەهێز بکرێت، دەبێت تورکیا ناچاربکرێت پابەند بێت بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی ٢٠١٩، ئێمە پابەندی ڕێککەوتنی ٢٠١٩ بووین، بەڵام دەوڵەتی تورکیا پابەند نەبووە پێیەوە.

مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بە هەڵوێستی ڕووسیاش کرد و وتی: ڕووسیا دڵنیامان دەکاتەوە، کە ڕێگە بە هێرشی دەوڵەتی تورکیا نادات.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات جەختیشیکردەوە، کە ئەوان ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی دەوڵەتی تورک و وتی: ئێمە ئامادەین و لە جاران بەهێزترین بۆ وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تورکیا، ئێمە پێمان وایە دەوڵەتی تورک لە شەڕدا سەرناکەوێت، ئێمە شەڕخواز نین، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هێرش بکات، بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button