کامێرا و سیستەمەکانی شارەوانی تاران هاک کرا

لڤین:

گرووپێکی سایبەری لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، کامێرای چاودێری و ماڵپەڕی شارەوانی تارانیان هاک کرد و دروشمەکانی دژ بە کاربەدەستانی حکومەتیان دانابوو.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆی و بەڵگەنامانەی کە دەستی دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، رۆژی پێنجشەممە ، گروپێک كە خۆی بە “ڕاپەڕین بۆ رووخاندن” ناساندووە، پێنج هەزار كامێرای چاودێری لە شارەوانی تاران و هەروەها زیاتر لە 150 سایت و سیستمی لە شارەوانی تاران هاککردووە. بە گوێرەی ئەو وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە گروپەکە ئەم پەیامانەی نوسیوە “سڵاو لە ڕەجەوی” و “مەرگ بۆ خامەنەئی، ڕەئیسی و نەفرەت لە خومەینی”.

ئەو زانیارییانەی دەستی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا کەوتوون بریتین لە لیستی تەواوی کامێراکانی ناوچەی بەهەشت زەهرا، لیستی کامێراکانی چاودێری لەسەر ڕێگاوبان و شەقامەکانی تاران، هەروەها داتاکانی ناوەندی تەکنەلۆژیا و زانیاری شارەوانی ناوەندی داتا لە ئەقدەسیە.

هەروەها سیستەمی ئۆتۆماتیکی ناوخۆیی شارەوانی، و کامێرای چاودێری کۆمپلێکسی گۆڕستانی ئایەتوڵڵا خومەینی، هاک کراون.

هێرشی ئەلیکترۆنی و هاککردنی کامێرا و سیستەمی ئۆرگانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی پێشتر مێژوویەکی هەیە. لە هاوینی ساڵی ڕابردوو ڕاپۆرتی “پەککەوتنی ئەلیکترۆنی” لە سیستەمی کۆمپیوتەری وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ئێران و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کۆمپانیای هێڵی ئاسنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکرایەوە.

چوار ساڵ لەمەوبەر گروپێکی هاککەر کە خۆیان بە گروپی ‘تەبندگان’ ناودێردەکەن، سیستەمی کۆمپیوتەری فڕۆکەخانەکانی مەشهەد و تەبرێزیان هاک کرد و پەیامی پشتیوانی لە مانگرتنەکانی ئێرانیان لەسەر شاشەی ئەو فڕۆکەخانانە بڵاوکردەوە.
هەواڵی هاک کردنی ماڵپەڕە جۆراوجۆرەکانی حکوومەت و ڕوودانی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە گوماناویەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، قسە و باسی لەسەر توانای بەرپرسانی ئەمنیی ئێرانی ورووژاندووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button