وەزیری دارایی چەند بڕیارێکی تایبەت بە پەروێزخان دەرکرد

لڤین:
وەزیری دارایی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە دەروازەی پەروێزخان دەرکرد و ڕایگەیاند، جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە دەروازەی سنوری پەروێزخانەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوە و کاریگەری ڕاستەوخۆی ههبووه لە کۆکردنەوەی داھات.
دوای سەردانی بۆ دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی پەروێزخان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەریمی کوردستان کۆبونەوەیەکی بە ئامادەبوونی یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنوری ئیدارەکە ئەنجامدا.
له كۆبوونهوهكهدا، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بەدواداچوون و ئامارەکانی بەردەست جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوە و ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی ههبووه لە کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان.
وەزیری دارایی ڕاشیگەیاند: ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداری یاساییەکانی وەزارەتی دارایی.
شیخ جەناب داواشیکرد، لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێبھێندرێت.
وەزیری دارایی لە کۆبونەوەکەدا جيند بڕیارێکی تایبەت بە کاری بازرگانی و گەستیای لە دەروازە سنوریەکە دەرکرد و هیوای خواست هەموو لایەنەکان جیبەجێی بکەن.
ناوەرۆکی بڕیارەکان:
١- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئمور بەڕێدەکرێت.
٢- بازرگانان ئازادن لە بازرگانی کردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.
٣- لابردنی ڕەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.
٤-پیاداچوونەوە دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.
٥- پێداچونەوە بە لێخۆشبونی (٢٠٢) ماددە کە حکومەتی عێراق لێخۆشبوونی بۆ کردووە.
٦- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واتا لە دووبارەبوونەوە هیچ بڕه پارەیهك وەرناگیرێت.
٧- کرێی بارھەڵگرەکانی دەروازەی سنوری پەروێزخان ڕێکدەخرێتەوە.
٨- پێداچونەوە بەکرێی پشكنینی كومپانیاكانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەروازەكان دەکرێت.
٩- پێداچونەوە بە پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
١٠- ٢٠٠ دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان تەرخان دەکرێت كە دەبێتە هۆی رەخساندنی ٢هەزار هەلی كار بۆ ناوچەکە.