مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە

لڤین:

عەلی حسێن، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، هەفتەی داهاتو، هەردو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: پارتی گرفتی لەگەڵ سیستمی فرەبازنەییدا نییە.

عەلی حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی، لە لێدوانێكدا بە میدیای حزبەكەی راگەیاند: ”کۆبونەوەی داهاتوی پارتی و یەکێتی لە نزیکترین کاتدا دەکرێت، رەنگە لەسەر دیداری یەکێتییش وەستابێت، ئێستا دیدارەکە تەواو بوە، بۆیە بەدڵنیایی هەفتەی داهاتو کۆبونەوە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی هەردو لادا دەکرێت.”

لەبارەی رۆژ و شوێنی کۆبونەوەکە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی وتی”هەفتەی داهاتوە، بەپێی رێککەوتن، یان لە سلێمانی یان هەولێر دەبێت، کێشەمان لەسەر ئەوە نابێت.“ و وتیشی”رۆژێک پێشتر بڕیار دەدرێت کێ بەشدار دەبێت و چۆنە، بەڵام كۆبونەوەكە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی هەردولا دەبێت.”

رۆژی چوارشەممەی رابردو، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە، عەلی حسێن لەوبارەیەوە وتی“لە کۆبونەوی رابردودا کۆمەڵێک بنەمامان بۆ گفتوگۆ دانا، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان هەڵبژاردن بو، گەیشتینە ئەو بڕوایەی، هەردو لامان دەبێ رێک بکەوین بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی خۆمان لەناو پەرلەماندا بکەین.“

ئەوەشی خستەڕو، کە لە کۆبونەوەی هەفتەی داهاتودا، لیژنەکان بەپێی پێویست دادەنرێن، بۆ نمونە، بۆ راگەیاندن لێژنەیەک گرنگە، بۆ ئەوەی چاودێر بن تا هەردو لا قسە لەسەر یەک نەکەن، هەروەها لیژنەیەک بۆ بابەتی کۆمیسیۆن و دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان، بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتوی هەڵبژاردنەکان کە چۆن دەبێت.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی، جەختیشی كردەوە کە ”پارتی لەگەڵ ئەوەدایە ١ی١٠ی٢٠٢٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ئێمە بەتەنیا نین، دەبێ گوێ لە لایەنەکانی دیکەش بگرین، بە بۆچونێکی دیاریکراو و هەماهەنگ، هەمو پێی رازی بین.”

عەلی حسێن رونی کردەوە”پارتی گرفتی لەگەڵ سیستمی فرەبازنەییدا نییە، بەڵکو گوتمان کاتەکە بۆ گۆڕانکاری لە یاساکەدا كەمە، ئەگەر کاتمان لەبەردەستدا بێ، ئەوا چ فرەبازنە یان تاک بازنە بێت ئێمە کێشەمان نییە.”

سەبارەت بە پێكهاتەكانیش وتی”پێکهاتەکان کاتێک پارتی دەبینن داکۆکییان لێ دەکات، بەدڵنیایی پارتی بە پاڵپشتی خۆیان دەزانن، بۆیە هەر لایەنێک داکۆکییان لێ بکات هاوپەیمانی دەبن، دژایەتیکردنی پێکهاتەکان لە بەرژەوەندیی ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستاندا نییە، کۆمەڵێک پێوەری نێودەوڵەتی بۆ پێکهاتەکان هەیە، ئێمە پێمان باشە رەچاوی بکەین.“

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button