ئه‌مەریکا: ده‌بێت دوایین دەروازەی ناردنی کۆمەک لە تورکیا بۆ سوریا به‌کراوه‌یی بمێنێته‌وه‌

لڤین:

نوێنەری ئەمەریكا له نەتەوه یەكگرتووەکان دەڵێت، تاكه دەروازەی سنووری ناردنی هاوكاری بۆ سووریا دەبێت بەكراوەیی بمێنێتەوه، له كاتێكدا رووسیا هەڕەشە دەکات بۆ ڤیتۆكردنی درێژکردنەوەی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەوبارەیەوە.

ڕووسیای هاوپەیمانی حکومەتی سوریا دەتوانێت ڕێگربێت لە بەردەم نوێکردنەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 10ی مانگی حەوتدا وادەکەی کۆتاییدێت و چاودێران دەڵێن مۆسکۆ دەیەوێت ڤیتۆکەی وەکو فشارێک بەکاربهێنێت دژی وڵاتانی رۆژئاوا کە سزایان خستۆتە سەر مۆسکۆ بەهۆی لەشکرێشییەوە بۆ سەر ئۆکرانیا.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، دەروازەی باب ئەلحەوا لە نزیک بنکەی سنووری چیلڤەگۆزوی تورکیا لە باشوور تاکە خاڵی چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا بووە.

لیندا تامس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە رایگەیاند زۆر گرنگە دەروازەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە.

تامس گرینفیڵد لە ناوەندێکی لۆجستیکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری رەیحانلی لە نزیک سنووری تورکیا و سوریا وتی “دەبێت ئەم دەروازە سنوورییە درێژ بکەینەوە، دەبێت بەردەوام بین لە پێشکەشکردنی ئەم هاوکارییە”.

نزیكەی 10 هەزار بارهەڵگر لە هاوكاری مرۆیی ساڵی رابردوو بەو دەروازەیەدا تێپەڕیوون بەرەو ناوچەی ئیدلب كە دوا قەڵای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبە لە سوریا و نزیكەی سێ ملیۆن كەسی تێدا دەژین.

تامس گرینفیڵد دەڵێت “ئێمە دەزانین دۆخەکە لەوێ ناهەموارە. ئێستا خەڵک ئازار دەچێژن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئازارەکان، دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئاوارە دەبن و تەنانەت ئەگەری هەیە ببێتەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕەنگە هەوڵی بەزاندنی سنوورەکان بدەن بۆ ناو تورکیا”.

ئەو لە شاری رەیحانلی بووە بۆ ئەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببێتەوە کە کاردەکەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە خەڵکی سوریا.

دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 20ی ئایار ڕایگەیاند مۆسکۆ هیچ هۆکارێک نابینێت تا ئەو دەروازەیە بە کراوەیی بمێنێتەوە و وتی ئەم دەروازەیە پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریایە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button