كۆمپانیای سۆمۆ: لەدەسەڵاتماندایە هەژماری بانکی هەرێم رابگرین

لڤین:

بەڕێوبەری کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند: لەدەسەڵاتماندایە هەژماریی بانکی هەرێم رابگرین و ژمارەی هەناردەی نەوتی هەرێمیش ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق، بانگهیشتی عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆی کرد، رێبوار ئەورەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کەئامادەی کۆبونەوەکە بوو زانیاری لەبارەی کۆبونەوەکەوە بڵاوکردەوە.

بەڕێوبەری سۆمۆ دەربارەی ئاستی هەناردەی نەوت وتویەتی، عێراق رۆژانە توانای ۳ ملیون ۷٠٠ هەزار بەرمیلی هەیەو تا ٢٠٢٧ دەیگەیەنێتە ٨ ملیۆن بەرمیل.

بەڵام هەرێم رۆژانە لە نیوان ٤۳٠ هەزار تا ٤٥٠ هەزار لە رێگای جیهانەوە دەفرۆشیت (وتی بەس ئەمەمان لایە و نازانیین چەنی تر دەفرۆشیت لە ریگای وشکانییەوە).

‎دراسەی ئەوەشمان لایە کە هەرێم تا ساڵی ۲٠۳٥ ناتوانێت ٤٠٪ ئەم نەوتەی ئیستا بەرهەم بهێنیت.

دەربارەی بڕی فرۆش عەلا یاسری رایگەیاندووە:” هەرێم نەوتەکەی ۱۱٪ لە ئێمە کەمتر دەفرۆشیت و تێچوی هەناردەکردنەکەشی لە ئێمە زیاتر دەدات”.

‎ سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم وتویەتی:”ئیمە لیژنەیەکمان پیکهێناوە بۆ جێبەجێکردنی، هەروەها وتی نەرمیەکی زۆرمان نواند و ئەم چەند بژاردەیەمان خستە بەردەستیان:

یەکەم: ئێمە تەنها نەوتەکەتان بۆ دەفرۆشین و پارەکە لە بانکێک دابنێنن کە خۆتان مامەڵەی پێوە بکەن و هەرکات متمانەتان بە ئێمە نەما پارەکە هەمووی راکێشن.

دووەم: کۆمپانیایەک دابنێن هەموو ئەندام و سەرۆکەکەشی با لەئێوە بن و بارەگاکەی لەهەولێر بێت، تەنها سەر بە وەزارەتی نەوت بێت.

سێیەم: ئەگەر کێشەی فرۆشتنتان هەیە، فەرموون ئەوە مشتەری و کەشتی و لایەنی جێبەجێکار بەڵام بەکەمتر مەیفرۆشن”.

بەوتەی بەڕێوبەری سۆمۆ لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا، “‎کەچی وەڵامی هەرێم بەرامبەر ئەو هەموو نەرمیەی ئێمە ئەوەبوو کتابێکیان ناردوەو دەڵێن چوار سەرۆکایەتیەکەی هەرێم دان بە دادگای ئیتحادیدا نانێن”.

‎بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ وتیشی:” ئیستا ئێمە راوێژکارەکانی خۆمان راسپاردوە کە لەگەڵ هەردوو نوسینگەی یاسایی جیهانیی لە لەندەن و پاریس ئاگادار بکەنەوە کە لە ڕیگای دادگاوە سکاڵا بکەن لەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێم کار دەکەن و قسەیان لەگەڵ ئەو بانکانەش کردوە کە پارەی نەوتی هەرێمی تێدەچیت”.

‎سەبارەت بە دادگای پاریس ووتی:” مانگی ۸ دژ بە تورکیا بڕیار دەدات و کەیسەکەمان ماوە و دوای بڕیاردان دەبیت تورکیا دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگریت یان قەرەبوی عێراق بکاتەوە”.

لەبارەی دەسەڵاتی کۆمپانیاکە ئەوەشیخستۆتەڕوو، “لەدەسەڵاتماندایە حساب بانکی هەرێم رابگرین و نەتوانن مامەڵەی پێوە بکەن و رەنگە ئەوەش بکەین گەر پێویست بێت”.

عەلا یاسری لەو کۆبونەوەی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەماندا ئەوەشیخستۆتەڕوو “ئێمە تەنها ١ دۆلار و ٩ سەنت دەدەینە تورکیا بۆ بۆری گوستنەوە، بەڵام هەرێم چەندین هێندە دەدات، پێمان وتن بۆ ئەو هەموو پارەیە دەدەنە تورکیا؟”.

بەپێی نوسینەکەی رێبوار ئەورەحمان لەکۆبونەوەکەدا هەریەک (مۆفەق حسێن، رێبوار ئەورەحمان، ئومێد محمد ، ئاریان تاوگۆزی) ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەشداری کۆبونەوەکەیان کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button