بایدن: موشەکێک بە ئۆکرانیا نادەین بگاتە ناو خاکی ڕووسیا

لڤین:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند وڵاتەکەی سیستەمێکی موشەکی بۆ ئۆکرانیا دابین ناکات کە بگاتە ڕووسیا.

ئەم لێدوانانە دوای ئەو هەواڵانە هات کە بەڕێوەبەرایەتی بایدن ئامادەکاری بۆ ناردنی سیستەمی موشەکی پێشکەوتووی دوور مەودا بۆ کیێڤ دەکات تا دژی ڕووسیا بەکاری بهێنێت.

بایدن دوای بە سەربردنی کۆتای هەفتە لە ویلایەتی دێڵاوێر گەیشتەوە کۆشکی سپی و بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ” سیستەمێکی موشەکی بۆ ئۆکرانیا نانێرین” کە بگاتە ڕووسیا.

بەرپرسانی ئۆکرانیا بە دوای سیستەمێکی دوور مەودادا دەگەڕێن کە بە MLRS ناسراوە و دەکرێت لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە بهاوژێرێت.

پێشتر، کەناڵی سی ئێن ئێن و واشنتۆن پۆست بڵاویانکردبۆوە کە بەڕێوەبەرایەتی بایدن تاوتوێی ئەوە دەکات ئەو سیستەمە و سیستەمێکی دیکە بە ناوی HIMARS وەک بەشێک لە پاکێجی کۆمەکی سەربازی بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دابین بکات.

دیار نییە بایدن لە لێدوانەکانیدا مەبەستی کام سیستەم بووە.

لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیاوە لە24 ی مانگی دوو تا ئێستا هەزاران کەس لە ئۆکرانیا کوژراون و ملیۆنان کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button