ئێران له‌سه‌ر نیازی له‌شكرێشیه‌كه‌ی توركیا بۆ كوردستان هاته‌ده‌نگ

لڤین:
سه‌عید خه‌تیب زاده، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، تاران هه‌ر جۆره كرده‌یه‌كی سه‌ربازی و به‌كارهێنانی هێز له‌ناو خاكی وڵاتانی دیكه بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی ره‌ت ده‌كاته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی “ئێرنا”ی ئێرانی، خه‌تیب زاده له وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی كرده‌ی سه‌ربازیی چاوه‌ڕوانكراوی توركیا له ناو خاكی عێراق (ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان) و سووریا، دووپاتیكرده‌وه، كرده‌ی سه‌ربازی له‌ناو خاكی وڵاتان ده‌بێته هۆی پێشێلكردنی یه‌كپارچه‌یی خاك و سه‌روه‌ری نیشتمانیی ئه‌و وڵاتانه و گرژی و ئاڵۆزی زیاتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
له درێژه‌ی گوته‌كانیدا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران جه‌ختیكرده‌وه، “كۆماری ئیسلامی ئێران له بیركردنه‌وه ئه‌منییه‌كانی توركیا تێده‌گات و دووپاتیش ده‌كاته‌وه، تاكه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشه‌یه، خۆی له گفتوگۆ و پابه‌ندبوون به رێككه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا ده‌بینێته‌وه، وێڕای ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه له دانوستانه‌كانی “ئاستانا” كراون، له‌وانه‌ش: رێزگرتن له یه‌كپارچه‌یی و سه‌لامه‌تی خاكی سووریا و سه‌روه‌ری نیشتمانی ئه‌و وڵاته و پشتبه‌ستن به بنه‌مای په‌نانه‌بردن بۆ هێز”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی رابردوو ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، كه به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی دژی هه‌ر وڵاتێك، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكات، به‌ڵكو ده‌بێته هۆی بارگرژییه‌ك له دۆخی مرۆیی، كه جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌كی زۆر بێت و پشێوی زیاتر له ناوچه‌كه به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت”.
خه‌تیب زاده داواشی له وڵاتانی دۆست و دراوسێ كرد، له نێوان خۆیان پشت به گفتوگۆی بونیاتنه‌ر ببه‌ستن و دووپاتیكرده‌وه، ئێران وه‌ك هه‌میشه ئاماده‌یه رۆڵی خۆی له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه و به‌لاوه‌نانی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنانه بگێڕێت، كه له ئه‌نجامدا قوربانییه‌كانی هه‌ر هاووڵاتیی سڤیلن.