حكومەتی عێراق ئامادەی ناردنی بودجەیە

لڤین:

هەیسەم جبوری راوێژكاری هونەری سەرۆك وەزیران رایگەیاند كە حكومەت ئامادەیە بۆ ناردنی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٢.

ئاژانسی هەواڵەكانی عیراق كە لەزاری جبورییەوە بڵاویكردۆتەوە راشیگەیاند كە حكومەت ئامادەیە رەشنووسی بودجە تەواو بكات، روونیشیكردەوە ماوەی دوو هەفتەی دەوێت تاوەكو  بودجەكە لەئەنجومەنی وەزیران تەواو بكرێت و ئینجا پیشانی لیژنەی یاسایی لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران بدرێت.

راشیگەیاند كە حكومەت ئامادەیە بودجەكە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات لەهەر كاتێكدا كە بیانەوێت، ئاماژەی بەوەشدا كە بڕیارەكەی ئەمدواییەی دادگای فیدڕاڵ روونە كەباسی لەوەكردووە حكومەتی ئێستا ناتوانێت بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.

وتیشی: ناردنی بودجە لەسەر داوای ئەنجومەنی نوێنەران بووە بەو پێیەی یاسای بودجە پەیوەندی هەیە بەژیانی هاووڵاتییان و تایبەتمەندی خۆی هەیەو هەروەها لێكدانەوەكەی دادگای فیدڕاڵی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت كە ئاراستەی سەرۆك كۆماری كردبوو.

ئاماژەشی بەوەدا كە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت نووسراو ئاراستەی دادگای فیدڕاڵ بكات و داوای لێكدانەوەی لێبكات لەبارەی یاسای بودجەوە، روونیشیدەكاتەوە كە دەستووری عیراق مادەیەكی جیاكردۆتەوە كە تایبەتە بە یاسای بودجەو میكانیزمەكانی مامەڵە لەگەڵ ئەم یاسایەدا، لەدوای ئەوەش یاسای ئیداری ژمارە ٦ بۆ ساڵی ٢٠١٩ هەیە كەتێیدا ئەو میكانیزمانەی دیاریكردووە سەبارەت بە ناردنی بودجە، پاشان ئایا ناردنی یاسای بودجە ئەو لێكدانەوەیەی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت كە دادگای فیدڕاڵی ناردویەتی بۆ سەرۆك كۆمار یاخود لەگەڵ ئەو بڕیارەدا پێكدێتەوە كە دادگای فیدڕاڵی دەریكردووە باسی لەوەكردووە كە حكومەتی كاربەڕێكەر مافی ئەوەی نییە پرۆژە یاساكان رەوانەی نوێنەران بكات، وەڵامی ئەوەش لەلای دادگای فیدڕاڵییە بەو پێیەی تاكە لایەنی رێگەپێدراوە كە لێكدانەوە بۆ  مادەكانی دەستووری عیراق بكات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button