سەدر داوا لە پەرلەمان دەکات یاسای ئاسایشی خۆراک پەسەند بکات

لڤین:

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات بەبێ موزایدە پێشنیازە یاسای ئاسایشی خێرای خۆراک پەسند بکات. 
رۆژی شەممە 28/5/2022، لە راگەیێندراوێكدا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، دوای پەسندکردنی یاسای بە تاوانناساندنی دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، پێویستە پەرلەمانی عێراق پێشنیازەیاسای ئاسایشی خۆراک پەسندبکات، کە راستەوخۆ خزمەتی گەل دەکات، بەبێ موزایدەی حیزبی، یان تائیفی یان نەتەوەیی و دوور لە دێوەزمەی گەندەڵکاران.
سەدر دەڵێت، “هیوام بەخوا و پەرلەمانی عێراقە، کە توانای خۆی بسەلمێنێت لە پەسندکردنی، ئەمە وێڕای ئاستەنگی پارتەکان و تەگەرە دروستکردنی لە بەردەمی لە رێگەی سکاڵاکردن لە دادگە لەسەر یاسایەکی سوودبەخش. بەتایبەتی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و فراکسیۆنە نیشتمانییەکانی دیکە. پێویستە ئەمڕۆ هەمووتان ئاگاداری کۆژان و داواکارییەکانی گەل بن ئەمە وێڕای هەوڵی تەنگپێهەڵچنین و ئاستەنگ دروستکردن”.
پێشنیازەیاسای پاڵپشتیى ئاسایشى خۆراک ھاوشێوەی پڕۆژەیاساکەی حکومەتە، لە 10 ماددە پێکهاتووە و بودجەکەى 25 ترلیۆن دینارە کە لە زیادەى نرخى نەوتى فرۆشراو دابین دەکرێت. لە پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە. چاوەڕوان دەکرێت لیژنەی دارایی گۆرانکاریی لە ماددەکانیدا بکات و پاشان ھەنگاو بەرەو تێپەڕاندنی بنرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button