لە هەولێر لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل شەڕەتەقە دروستبوو

لڤین: پۆلیسی هەولێر، ڕایگەیاند، لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل، لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوشار دوو شۆفێر بووەتە دەمەقاڵێیان و شەڕەتەقە دروستبووە.

پۆلیسی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد کە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی ڕووداوێکی شەڕ و تەقەکردن لە شەقامی 40 مەتری نزیک نەخۆشخانەی لەدایکبوون، لەناو شاری هەولێر، کە شوفێری دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی (کیا کادێنزا) و (تیۆتا کرۆلا تەکسی) لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل ببووە دەماقاڵەیان و یەکێک لە شوفێرەکان تەقەی کردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هەردوو شوفێرەکەیان بە ناوی (ا.ش.م) و (ا.ھ.ع) دەستگیر کردووە، هەروەها لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا، دەست بەسەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکە و دەمانچەیەکی جۆری (ولتەر)دا گیراوە.

پۆلیسی هەولێر، ڕاشیگەیاندووە، دوای دەستگیرکردنیان دوو شۆفێرەکە ڕادەستی بنکەی پۆلیسی ئاشتی کراون بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.

ماوەیەکە ڕووداوەکانی تەقەکردن لە شارەکانی هەرێم زیادییان کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button