وەزیری نەوتی عێراق بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران سەردانی فەرەنسا دەکات

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێكی دەنگی ئەمریکا ئیحسان ئیسماعیل، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند:” سەردانی فەرەنسا دەکات لە هەوڵێکدا بۆ دەستەبەرکردنی وەبەرهێنانی زیاتر لە بوارەکانی نەوت و وزە لە عێراق.”

گوتیشی، “پیشەسازییەكی نەوتی گەورەمان هەیە و وەبەرهێانی زیاتر و كێبڕكێی زیاترمان دەوێت.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد سه‌ردانه‌كه‌، “مه‌به‌ست له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی كۆمپانیا گرنگه‌كان و گه‌یاندنی په‌یامێكی بازرگانییه‌ بۆ ئه‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر به‌شداری له‌ بازاڕی عێراقدا بكه‌ن.”

وەزیری نەوت جەختیشیكردەوە کە “توانای بەرهەمهێنانی عێراق ڕۆژانە 4 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلە، ڕۆژانە لە نێوان 4.4 تا 4.5 بەرمیل بەرهەمدەهێنێت.” ڕوونیشی كردەوە کە “ئامانجیانە تا كۆتایی ساڵی 2027 بگاتە 8 ملیۆن بەرمیل و تا ساڵی 2025ش بگاتە 5 ملیۆن بەرمیل.”

سه‌ردانه‌كه‌ی ئیحسان ئیسماعیل بۆ فه‌ڕه‌نسا له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و ڕۆژی شه‌ممه‌ كۆتایی دێت.

ڕۆژی هەینی بە پێی لێدوانی شاندی یاوەری ئیحسان ئیسماعیل لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵەی خاوەنکارانی فەرەنسا “MEDEF” و لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی “تۆتاڵ ئینێرجی”ی فەرەنسا پاتریک پویانی و لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی وزە گفتوگۆی کردووە.

کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی نەیویست هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە بدات، لە کاتێکدا گرێبەستێکی 10 ملیار دۆلاری لە ساڵی 2021 لە عێراق واژۆ کردووە، گەڕانەوەی خۆی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیاندووە کە لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی پێشوودا وەبەرهەمهێنانی کردووە.

گرێبەستەکە لە مانگی 9 ی ئەمساڵدا واژۆ کراوە، دروستکردنی یەکەکانی دەرهێنان و کۆکردنەوە و خستنەگەڕی غاز لە سێ بواری جیاوازدا دەگرێتەوە بە ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبا.

هەروەها لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووە کە یەکەیەکی پاککردنەوەی ئاوی دەریا بە توانایەکی گەورە دابمەزرێت بە ئامانجی زیادکردنی توانای گەیاندنی ئاو بۆ کێڵگەکانی باشووری عێراق، بەبێ ئەوەی دەرهێنانی ئاوی شیرین لەو وڵاتە، لە کاتێکدا کەمی ئاوی شیرین گرفتێکی گەورەی ئەو وڵاتەیە.

هەروەها گرێبەستەکە بریتییە لە دروستکردنی وێستگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بە توانای 1 گیگاوات، کە تۆڕی ناوچەی شاری بەسڕە دابیندەکات.

لە ئێستادا کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی خاوەنی 22.5%ی کێڵگەی نەوتی حەلفایە، کە لە ساڵی 2020دا ڕۆژانە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل لە پشکەکانی تۆتال ئینێرجی بەرهەمهێناوە.

هەروەها گروپەکە لە ڕێگەی دابەشکەرە ناوخۆییەکانەوە زەیت و ڕۆنی مەکینە لە عێراقدا دەخەنە بازاڕەوە.
عێراق كە دووەم ئەندامی ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوتە (ئۆپیک)، خاوەنی یەدەگێکی بەرفراوانی نەوتە لە جیهاندا، بەڵام دەیان ساڵە ململانێ و گەندەڵی و گرفتە یەک لە دوایەکەکان كەرتی وزەی ئەو وڵاتەی تێکداوە.

عێراق تاڕادەیەکی زۆر بەدەست نەبوون و بڕینی کارەباوە دەناڵێنێت، ئەمەش دانیشتوانی ئەو وڵاتەی زیاتر توڕە کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button