عەلی باپیر: دەستگیرکراوان ئەشکەنجەی زۆر دەدرێن تا دەگەیەنرێنە لێواری مردن

لڤین: عەلی باپیر، سەبارەت بە سزادراوانی بادینان و ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانم کە پێشتر چەندین ئەنداممان دەستگیرکراوە، دەستگیرکراوان ئەشکەنجەی زۆر دەدرێن تا دەگەیەنرێنە لێواری مردن و بە زۆر دانپێدانانیان پێدەکرێت و ناچار دەکرێن شتێک بڵێن کە نەیانکردووە.

عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی سزادانی پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکەی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی و ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە، وتی: “بە دڵنیاییەوە ئەگەر بڕیاری دادگا سەربەخۆیانە بن و ئەو کەسانە ئەو کارەیان کردبێت کە پێی تۆمەتبارن ئەوە گلەییمان نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانم، چونکە پێشتر قسەم لەگەڵ ئەو ئەندامانەی کۆمەڵ کردووە کە دەستگیرکراون، ئەشکەنجەی زۆر دەدرێن تا دەگەیەنرێنە لێواری مردن، بۆیە ناچار بوون و وتوویانە کاکە ئێوە چیتان دەوێت ئێمە واژۆی دەکەین”.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، چیرۆکی دەستگیرکردن و ئازادکردنی ئەندامێکی کۆمەڵیشی باسکرد کە دوای چەندین ساڵ زیندانیکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ئازاد کراوە و وتی: “لێم پرسی لەسەر چی گیراوی، وتوویەتی کە لێم پرسیوون من بە چ تۆمەتێک گیراوم وتوویانە تۆ لە مزگەوت زۆر نوێژت کردووە و نوێژە سونەتەکانیش دەکەیت”.

وتیشی: “ئەو ئەندامەی ئێمەش وتوویەتی جا ئەوە کەی کێشەیە، خۆ ئەوە سەرپێچی نییە، ئەوانیش پێیان وتووە ئێمە بنچینەیەکمان هەیە نوێژی کەمتر سەلامەتی زیاتر”.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا عەلی باپیر لە بارەی ئەنجامی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵ کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوە چوو قسەیکرد و وتی “ئێمە ناونیشانمان گۆڕیوە، نەک ناوەڕۆک و ئەمە کاروانێکی ئیسلامیە و پابەندین پێیەوە، هەوڵدەدەین پابەندیمان بە شەرعەوە زیاتر بێت

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button