دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری سامانەسروشتیەکان !

دڵشاد ئەنوەر

کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەکان دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، دوو هۆکار لەپشت دەست لەکارکێشانەوەی بوو، باری تەندروستی ناجێگیرە، پاشان هەربەناو وەزیربوو، ئاو لە شوێن بێڵی نەدەڕۆیشت.
دەست لەکارکێشانەوەی وەزیر حاڵەتێکی نۆرماڵ و ئاساییە، ئەوەی نائاسایی بوو، وەزیر بەبانگەشەی گەورەوە داخل بوو، بەخشپەیی کشایەوە، لێرەوە گرفتەکانی نا دامەزراوەیی بوونی ئەو وەزارەتەت بۆ دەرەکەوێ.
ئەوەی من وەک ڕۆژنامەوانێک بیزانم، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هێندە گرفتدارە، هێندە وەزارەتێکی نادامەزراوەییە ، یەک کەس بەوردی و بەقوڵی و بەتەواوەتی نازانێت چی ئەگوزەرێ تێیدا، تەنانەت بەنێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیشەوە!
ڕەنگە بپرسرێ چۆن ئەو دوانەش هەموو شت نازانن؟ یاخود بڕوا نەکرێ؟
بەڵێ، حاڵەتێکی زۆر نۆرماڵە، وڵات دامەزراوەیی نەبوو، ئیش و کارەکان شەفاف و موئەسەساتی بەڕێوەنەچوون، تەنانەت ئەوانەشی لەسەرەوەی هەرەمەکەوەن، هەموو شت نازانن، بۆیە لە وڵاتی ناموئەسەساتی دا، تونێلەکان هێندە زۆرن، جەماعەتی سەرووی هەرەمەکەش فریا ناکەون بەهەموو تونێلێکدا تێپەڕن.
دێمە سەر ئەوەی چۆن نێچیرڤان و مەسروریش ڕەنگە هەموو شتێک لەبارەی نەوت نەزانن، ڕاستە زۆر زۆر زۆر دەزانن و خۆیان ڕەگەزی سەرەکی ناو پرسەکەن، بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد نا موئەسەساتی بوون، وایکردووە هەریەک لەمانە ئاگادری سەردەمێک یاخود بەشێکی پرۆسەی نەوتی بن.
بۆ نموونە ئەندازیاری سەرەکی نەوتی هەرێم ئاشتی هەورامی بوو، پرۆسەکەی بەشێوەیەک داڕشتووە تەنها خۆی سەری لێی دەردەچوو، ئەمە گەورەترین گرفتە، شەخسێک پرۆسەیەکی گەورەی وەک نەوت بە ئارەزووی خۆی بڕێسێت، تا سەردەمی خۆی، تەنها ئاشتی و نێچیرڤان ناو پرۆسەکەدا قاڵ بوون بەوردی، ئەمە مانای ئەوە نیە خەڵک و حیزبی تریش ئاگادار نەبووبن، بەڵام ئەم دووانە هەموو شتیان لابوو.
تا دەست بەکاربوونی ئەم کابینە نێچیرڤان و ئاشتی هەموو شتێکی نەوتیان لابوو، بەڵام کە لەحکومەت نەمان و ستافی مەسرور بارزانی دەست بەکاربوون، ئەو دوانەش دابڕان و ئاگادار نین لەوەو دوا لە بواری نەوت چ ڕوو دەدات، کەدەڵێم ئاگادار نین، بەو مانایەی نەوت کۆدی نهێنی زۆر زۆر تێدایە و ئەوان ئاگاداری کۆدە نهێنیەکان نین، ئەگینا نێچیرڤان لە باڵاترین ئاستدایە و دەزانێت ڕۆژانە چ ڕوو دەدات.
مەسرور بارزانیش ئێستا باڵادەستە بەسەر کەرتی نەوتی دا، لەو ڕۆژەوە دەست بەکاربووە بەوردی هەموو شتی لایە، بەڵام لەوەو پێشتر ئاشتی هەورامی مەسەلەکەی تۆڕی جاڵجاڵۆکە ئاسا بەشێوەیەک چنیووە، تەنها خۆی سەری لێدەربکات، ڕەنگە ئەمەشی بۆ ئەوە کردبێت، تا هەتایە بمێنێتەوە و ڕەنگە زۆری پێبچێت، تا مەسرور کۆدەکانی ئاشتی دەدۆزێتەوە.
بۆیە لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی پرۆسەی نەوتی هەرێم بەمەزاجی شەخس بەڕێوە براوە، هەر ئەمەش هەرێمی خستووەتە نێو زۆر داوی یاسایی و سیاسی و ئابووری، بۆیە کەمال ئەتروشی وەزیری دەست لەکارکێشاوەی سامانە سروشتیەکان، دەبوو پێشتر بە بەڵێنی گەورەوە داخل نەبایە، چونکە نەوتی هەرێم بەشێوەیەک ئاڵسکێنراوە، بۆ کەس چاک نابێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button