حکوومەتی ھەرێم: ھیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ بەریتانیا بۆ ناردنەوەی زۆرەملێی ھاووڵاتییان نەکردووە

لڤین:

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەتی کردەوە کە ھیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیا لەبارەی ناردنەوەی زۆرەملێی ھاووڵاتییان لەو وڵاتە کردبێت و رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە.

نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لەبارەی دەنگۆی رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی بەریتانیا لەسەر پرسی ناردنەوەی بە زۆری ھاووڵاتییانی کورد لەو وڵاتە، رایگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ جۆرە رێککەوتنێکی لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ و ھاتووە:

“بەڕوونی دەیڵێین لە سەردانە فەرمییەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە بەھیچ شێوەیەک پرسی ناردنەوەی زۆرەملێ باس نەکراوە و ھیچ رێککەوتنێکیش لەو بارەیەوە نەکراوە”.

باسی لەوەش کردووە کە ھەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لەسەر ئاستی نەھێشتنی تاوانی رێکخراو و بەدواداچوونی تاوانباران و بازرگانانی مرۆڤ ھەماھەنگن و ھاوکاریی یەکتر دەکەن.

جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییە دوولایەنەکانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان قوڵ و دۆستانەن و لەسەر بنەمای ھاوبەشی و بەرژەوەندیی دوولایەنەیە و رایگەیاندووە “ئەو پرسەی کە ھەندێک کەس و لایەن دەیانەوێت چەواشەی بکەن و ھەستی ھاووڵاتییانی پێ بجووڵێنن و بۆ‌ بەرژەوەندی کورتخایەنی خۆیان بەکاری بھێنن، رەتی دەکەینەوە و ئەولەویاتەکانی پەیوەندی دوولایەنە بەھیچ شێوەیەک پرسی ناردنەوەی بەزۆر نییە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button