(ته‌كفیریه‌كان) له‌كوێوه بۆ كوێ ؟؟

ناصح مه‌لا كه‌ریم
ناساندن :
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی زۆرترین مشتومڕی له‌سه‌ره و بووه‌ته یه‌كێك له به‌ڵاكانی سه‌رده‌م ، دیارده‌ی ( ته‌كفیر )ه .
سه‌ره‌تا ده‌پرسین:
ته‌كفیر چیه؟ به كێ ده‌وترێ كافر – بێباوه‌ڕ؟ كێن گروپه ته‌كفیریه‌كان؟ پاڵنه‌ره‌كانی ته‌كفیر چییه ؟ كێن ئه‌وانه‌ی پشتیوانی ئه‌و گروپانه‌ن؟ ئه‌ی كێ سوودمه‌نده له بوونی گروپه ته‌كفیریه‌كان ؟
(ته‌كفیر) واته : بێباوه‌ڕكردن، ده‌ركردن له بازنه‌ی ئیسلامه‌تی و ئاینداری، جا ئیتر ئه‌م ( بێباوه‌ڕكراو ) و ( ده‌ركراوه) كه‌سێك بێت یان گروپێك یان زۆرینه‌ی خه‌ڵكی . ئه‌م حوكمه‌ش كۆمه‌ڵێك ده‌رهاویشته و لێكه‌وته‌ی ترسناك به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، له گرنگترین ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ش كه گروپه ته‌كفیری و په‌ڕگیره‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن : خودپه‌سه‌ندنی و ته‌نها خۆبه‌موسڵمانزانین و ته‌كفیری كۆمه‌ڵگه ده‌سه‌ڵاتدا و ژێرده‌سته ( بێهه‌ڵاوێردن ) .
ئه‌توانین بڵێین ( ته‌كفیر) دوا قۆناغی له‌سه‌رقاچوه‌ستانی هه‌ریه‌ك له چه‌مكه‌كانی ( په‌ڕگیری – ته‌ته‌ڕوف) ، ( زیاده‌ڕۆیی – غلو) ، ( تێرۆر – ارهاب)ه .
پاڵنه‌ره‌كانی ته‌كفیر :
له ئه‌نجامی شیكاری و راڤه‌كاری ته‌كفیر و پاڵنه‌ره‌كانی ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ( ته‌كفیر) په‌رچه‌كرداری كۆمه‌ڵێك پاڵنه‌ری په‌روه‌رده‌یی، ده‌روونی، سیاسی، ئابوری، هۆشیاری … هتد ه.
به‌ڕای زۆرێكیش له لێكۆڵه‌ران و توێژه‌رانی بواری ته‌كفیر، پاڵنه‌ره‌كانی ته‌كفیر و سه‌رهه‌ڵدانی گروپه ته‌كفیریه‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سێ پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی كه سه‌رجه‌م پاڵنه‌ره‌كان هه‌ڵقوڵاوی ئه‌م پاڵنه‌ره‌ن :
یه‌كه‌م: پاڵنه‌ره خودیه‌كان – شه‌خسیه‌كان( كه په‌یوه‌ندییان به كه‌سی ته‌كفیریه‌وه هه‌یه) له‌ڕوی كه‌سایه‌تی و حاڵه‌تی ده‌روونی و هۆشیاری و كه‌می شاره‌زای ئاینی و سه‌رسامبوون و وابه‌سته‌بوونی كه‌سی ته‌كفیری به كه‌سێك یان گروپێك و پشتكردنه ده‌قه‌كان و ڕای شاره‌زایان و زانایان.
دووه‌م: پاڵنه‌ره ژینگه‌ییه‌كان؛ وه‌ك سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان مه‌سه‌له‌ی ناشه‌رعی و ره‌فتاری ناته‌ندروست له كۆمه‌ڵگه موسڵماننشینه‌كان و لادانه جۆربه‌جۆره‌كان و خۆسه‌پاندنی ده‌ستڕۆشتووه سیاسیه‌كان و… هتد . كه ئه‌مانه جۆرێك له جۆش و خرۆشی ئاینی له دڵی كه‌سی ته‌كفیریدا دروست ده‌كات ( بێ گوێدانه مه‌رجه‌كانی گۆڕینی خراپه كه له‌شه‌رعدا به – رێساكان و پرنسیپه‌كانی گۆرینی خراپه ناسراون – ) .
سێیه‌م: فاكته‌ره ده‌ره‌كیه‌كان، له گرنگترین ئه‌م فاكته‌رانه‌ش: پیلان و پلانی ناحه‌زانی ئیسلام له‌سه‌ر ئاستی جیهانی دژ به ئیسلام و موسڵمانان، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی داهات و سامانی موسڵمانان، داگیركردنی خاكی موسڵمانان و ژێرده‌سته‌كردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌هلی ئیسلام … هتد .
باگگراونه مێژوویه‌كه‌ی ته‌كفیر :
گروپه ته‌كفیریه‌كانی له‌سه‌ر ئیسلام ژمێردراو، باگگراوندێكی مێژوویان هه‌یه كه زیاتر له سه‌رهه‌ڵدانی گروپی ( خه‌واریج)دا خۆی ده‌بینێته‌وه . ئه‌م گروپه له‌سه‌رده‌می پێشه‌وا عه‌لی كوڕی ئه‌بی تالیب ( خوای لێ رازی بێت) سه‌ریان هه‌ڵداو نه‌چوونه ژێرباری فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئه‌و پێشه‌و‌ایه و به‌ره‌ی جه‌نگیان له دژی دروست كرد و ته‌كفیری پێشه‌وا عه‌لی و پیشه‌وا (عوسمانی كوری عه‌ففان) و (عائیشه ) و زۆرێك له هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خودا ( درودی خوای له‌سه‌ر بێت ) كرد‌و به‌وه‌شه نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو له مانگی ره‌مه‌زاندا پێشه‌وا (عه‌لی)یان شه‌هید كرد .
گه‌ر به‌وردی وێنایه‌كی هزری خه‌ورایجه‌كان بكه‌ین ئه‌وا ده‌بینین له گرنگترین خه‌سڵه‌ته‌كانیان بریتی بووه له : نه‌خوێنده‌ورای و نه‌شاره‌زایی، هه‌ڵه‌شه‌یی و تیژپه‌ڕی، ناجێگیری كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌كانیان، شۆڕنه‌بوونه‌وه بۆناو ده‌قه‌شه‌رعیه‌كان و لێكداوه‌نی سه‌رپێی و شه‌خسی و مه‌زاجی بۆ ئه‌و ده‌قانه .
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئاماژه‌ی پێبده‌ین ئه‌وه‌یه كه خه‌واریج وگروپه ته‌كفیریه‌كانی سه‌رده‌م، له‌لایه‌ك ماناكانی ( جیهاد – تێكۆشان ) و ( قیتال – جه‌نگ له پێناوی خوای گه‌وره) تێكه‌ڵاو ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و دوو چه‌مكه ( قیتال و جیهاد) ناشیرین و له‌كه‌دار ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ یان ( داوایان لێكراوه) كه وێنه‌یه‌كی ناشیرین و قێزه‌ونی جیهاد به جیهان بناسێنن و ببنه په‌ڵه و له‌كه به‌سه‌ر ئه‌و ره‌وتانه‌ی كه‌له سه‌ر گروپه جیهادیه‌كان ئه‌ژمار ده‌كرێن و ئه‌م گروپانه ده‌زانن كه‌ی جیهاد و قیتال ده‌كه‌ن و دژی كێ و چۆن و له‌چی كاتێكدا ؟؟!!.
هه‌روه‌ها پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین كه گروپه ته‌كفیریه‌كاني ئه‌م سه‌رده‌مه، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌زگا هه‌واڵگری و سیخوڕیه‌كانیان له‌پشته و به هه‌ندێ ده‌قی قورئانی سوننه‌تی عاتیفه‌ی كه‌سان و گه‌نجانێكی بۆخواسوڵحاو ئیستغلال ده‌كه‌ن و له‌خشته‌یان ده‌به‌ن و له تۆڕی تێرۆر و خۆته‌قاندنه‌وه‌و ره‌شه‌كوژی تێوه‌یان ده‌گلێنن !!. به‌هێزترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسانه‌مان، كه گروپه ته‌كفیریه‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگا سیخوڕی و هه‌واڵگریه‌كانه‌وه پشتگیری ده‌كرێن و ئه‌م ده‌زگایانه توانیویانه ( شه‌یتانانه) دزه بكه‌ن ناو ئه‌م گروپانه، سه‌رهه‌ڵدانی گروپه په‌ڕگیر و ته‌كفیریه‌كانی جه‌زائیره ، كه پاش ئه‌وه‌ی ره‌وتی ئیسلامی میانڕه‌و له ساڵی 1992 توانی له%88ی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ئه‌و وڵاته به‌ده‌ست بێنێ، ئه‌مه‌ش به‌دڵی فه‌ره‌نسای داگیركه‌ر و رژێمی سیكۆلاری جه‌زائیری نه‌بوو، هه‌ر بۆیه فه‌ره‌نسا راسته‌خۆ پشتگیری رژێمی سیكۆلاری جه‌زائیری كرد و به‌مه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا ، به‌ڵكو چه‌ندین پیاوی سه‌ربازی و موخابه‌راتی پڕچه‌ككرد بۆ قه‌تڵ وعامی گه‌لی جه‌ائیری و ناشیرینكردنی ره‌وته جیهادیه مه‌زڵومه‌كانی ئه‌و وڵاته، كه ئه‌و ره‌وتانه وه‌ك په‌رچه‌كردارێ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی دزراویان سه‌ریانهه‌ڵدا و شه‌رعیه‌تیان دا به جه‌نگ دژی ( ده‌وڵه‌ت) نه‌ك گه‌لی جه‌زائیری !!.
به‌ڵگه‌یه‌كی تر، پشتیوانی راسته‌خۆی ده‌زگای هه‌واڵگری توركی و ده‌زگای هه‌واڵگری ئوردونی و سه‌ركرده‌كانی ( گاردی كۆماری ) رژێمی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی به‌عس له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام ( داعش ) له ساڵی 2014 ه‌و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و رێكخراوه به‌تایبه‌ت ( باڵی سه‌ربازی ) و ( هه‌یئه‌ی شه‌رعی ) له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ره پله‌باڵاكانی گاردی كۆماریه‌وه .!!!!
هه‌روه‌ها تاوانباركردنی ( ترامپ ) له ئابی 2016 بۆ هه‌ریه‌ك له ( ئۆباما)و ( كلینتۆن) له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌پشتگیری كردنیان له ( داعش ) . به‌ڵگه‌یه‌كی تری ( ئیحتیواكردنی ) ئه‌و گروپانه‌یه له‌لایه‌ن ده‌زگا سیخوڕی و هه‌واڵگریه ناوچه‌یی و نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه .
ماوه‌ته‌وه بڵێین:
وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی هزری ته‌كفیری، گێڕانه‌وه‌ی كه‌سانی ته‌كفیری بۆ وه‌سه‌تیه‌تی ئیسلام، پاراستنی گه‌نجان و كۆمه‌ڵگه له مه‌ترسیه‌كانی هزری ته‌كفیری و گروپه ته‌كفیریه‌كان …
ده‌ڵێین: به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه، ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت و زانایانی شه‌رعناس و پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده و سایكۆلۆژی و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كانه. چونكه – وه‌ك له‌پێشه‌وه ئاماژه‌مان پێدا – پاڵنه‌ره‌كانی ته‌كفیر فره‌ڕه‌هه‌نده و كاری جیددی و ستراتیژیه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه و پلانی ورد و عاقڵانه و زانستیانه‌ی ده‌وێ .
تێبینی:
بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته سوودم بینیوه له توێژینه‌وه‌ی ( پاڵنه‌ره‌كانی تێرۆر له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه – به زمانی عه‌ره‌بی) كه له گۆڤاری زانكۆی سلێمانی به‌شی( B ) ژماره ( 48)ی ساڵی 2015 بڵاوم كردووه‌ته‌وه .