ڕووسیا هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر ئۆکرانیا

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە هێرشێکی بەرفراونیان بۆ سەر دوو شاری کەناری ڕووبارێکی ئۆکرانیا ئەنجامدا تا گەماڕۆی سەربازەکانی وڵاتەکە بدەن. ئەم هێرشە دەکرێت سەرکەوتن یان شکستی هەڵمەتی سەربازی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە یەکلایی بکاتەوە.

سێ مانگ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. چاوەڕوان دەکرا دەسەڵاتدارانی خارکیڤ، دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا، سیستەمی شەمەندەفەری ژێرزەوی (میترۆ) ی شارەکە بکەنەوە کە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بۆ ماوەی چەند مانگێکە لە ژێر بۆردومانی بێشوماردا وەکو پەناگە بەکاریان هێناوە.

سەرلەنوێ کردنەوەی ئەو میترۆیەی ئۆکرانیا ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی سەربازی ئۆکرانیا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا و پاشەکشێ پێکردنی هێزەکانی ڕووسیا لە خارکیڤ.

بەڵام شەڕە چارەنووس سازەکانی دوایین قۆناغی جەنگەکە هێشتا لە باشوور وڵاتەکە لە تاوسەندندایە، کە مۆسکۆ هەوڵدەدات دەست بەسەر ناوچەی دۆنباس دا بگرێت کە دوو هەرێمی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەن ئەوانیش دۆنتسک و لوهانسکن. ڕووسەکان دەیانەوێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە بەرەی سەرەکی ڕۆژهەڵاتدا بخەنە ناو تەڵزگەکەوە و گەمارۆیان بدەن.

بەرەی ڕۆژهەڵاتی دۆنباس کە هێشتا لە ژێر دەستی ئۆکرانیادایە، شاری سیڤیرۆدۆنتسک لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری سیڤێرسکی دۆنێتس و شاری لیسیچانسک لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووبارەکە بوونەتە گۆڕەپانی سەرەکی شەڕەکە و هێزەکانی ڕووسیا لە سێ ئاڕاستەوە پێشڕەوی دەکەن بۆ گەمارۆدانیان .

سێرهی گایدای پارێزگاری پارێزگای لوهانسک کە ئەو دوو شارە دواییەمین ئەو خاکانەن کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادایە دەڵێت “دوژمن هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێک چڕکردووەتەوە بە مەبەستی گەمارۆدانی لیسیچانسک و سیڤیرۆدۆنتسک.”

ناوبراو لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند “توندبوونەوەی شەڕەکە لە شاری سیڤیرۆدۆنتسک چەند هێندە تاوی سەندووە، بە سادەیی شارەکە وێران دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە نزیکەی 15 هەزار کەس هێشتا لە شارەکەدان و هێشتا شارەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای ئۆکرانیادایە.

ڕۆژنامەنووسانی ڕۆیتەرز لە دۆنباس گەیشتونەتە ڕۆژئاوای ناوچەکە لە باخموت، ڕۆژی دووشەممە گوێیان لە تۆپبارانێکی زۆر بووە لەسەر ڕێگای خێرا کە دەچێت بەرەو لیسیچانسک. زرێپۆش و تانک و موشەک هەڵگرەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ پاسەکان کە سەربازیان هەڵگرتبوو بەرەو هێڵەکانی پێشەوە دەڕۆیشتن.

لە ڕۆژئاوای سلۆڤیانسک کە یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی دۆنباس کە هێشتا لە دەستی ئۆکرانیادایە، بەیانی سێشەممە زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشە ئاسمانییەکان لێدرا، بەڵام شەقامەکان هێشتا قەرەباڵغ بوون، هێشتا بازاڕەکە پڕ بوو لە منداڵ، منداڵان بە پاسکیل بەو ناوەدا دەسوڕانەوە و مۆزیکژەنێکی سەر شەقام لە نزیک مارکێتێکەوە کەمانچەی دەژەند.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button