دلێر عەبدولخالق: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی دەستپێکێکی زۆر گرنگە

لڤین:

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ، سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان دەستپێکێکی زۆر گرنگە بۆ ئاساییبوونەوە یاخود زەمینەسازی و پەیوەندییەکی بونیادنەرە لە نێوان لایەنەکان بە تایبەت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی.

دلێر عەبدولخالق، بەمیدیای پارتی ڕاگەیاند : “ئێستا دۆخی دارایی و ئابووری و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە و ئەو ئالنگاری و مەترسیانەی بەڕووی ھەرێمی کوردستان دا دەبێتەوە ھەموو ئەمانە پێویستییان بەمەیە لە ناوخۆی کوردستان دا کۆکبوونی نیشتیمانیمان ھەبێ، و لە بەغداش لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا کە مافی دەستووریمان ھەیە بەیەکەوە و بەیەک دەنگ و ڕەنگ و یەک داواکاری نیشتیمانیانە و یەک کوتلە لە پایتەختی عێراقەوە ڕۆڵ بگێڕین”.

ھەروەھا ئاماژەیشیدا: “بۆ کردنەوەی دەرگای حیوار و گفتوگۆ ئەوەیە دەبێ گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکان دا ھەبێ، چونکە بەپێی حوکمی ئەوەی ئەم ھێزانە دەسەڵاتیان ھەیە و زیاتر کاریگەری بەسەر پرۆسەی سیاسی کوردستان و عێراقیشەوە ھەیە، ھەرکاتێک ئەم ھێزانە ناتەبا بن کاروباری حکوومەت پەکدەبن، خزمەتگوزاریش وەک پێویست نابن، ناڕەزایی و نیگەرانی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبن و ئەگەر حکوومەتیش نەیتوانی وەک پێویست وەڵامی داواکاری خەڵک بداتەوە بێ متمانەی زیاتر دروست دەبێ، بەرپرسیارییەتی نیشتیمانی لێمان دەخوازێ بەیەکەوە لەسەر یەک مێز دابنیشین و سیاسەتێکی ژیرانە و نیشتیمانیانە دابڕێژین بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە و ئەو ئالنگاریانەی ڕووبەڕووی ئەم ھەرێمە دەبنەوە”.

وتەبیژی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەوەشکردەوە: “دەبێت تەفاھوم و لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەموو لایەنەکاندا ھەبێ و ھەموو لایەنەکان لەسەر یەک مێز کۆببنەوە، نەک تەنیا پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەڵکو حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش، چونکە ئەگەر بمانەوێ ڕووبەرووی ئالنگارییەکان ببینەوە و ئەم کێشانە تێبپەڕێنینن، دەبێت پێکەوە دابنیشین، دەبێت جیاوازیەکانی یەکتری قبووڵ بکەین و ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی یەکتر بگرین”.

لەبارەیی دەستپێشخەرییە گرنگەکەی سەرۆکی ھەرێم، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: “سەرۆکی ھەرێم جەختی کردەوە ھەموو ھەوڵێک بۆ چارەسەری ئەو کێشانە دەکەن، ئەوانیش لە بزووتنەوەی گۆڕان وەک ھێزێکی نیشتیمانی چی لە سەریان بێ ھاوکاری پرۆسەی ئاشتەوایی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و یەکگرتوویی دەکەن”.

ناوبراو گوتیشی: “ھەر دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و کاراکتەرێکی سیاسی و حوکمڕانی ئەم وڵاتە دەستپێشخەرییەک بکات بۆ تەبایی و دروستکردنی خاڵی پێکگەیشتن بە گرنگی دەزانین و پێشتریش ئێمە چەند دەستپێشخەریمان کردوون بۆ بەنیشتیمانیکردنی ھێزی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی دەرەوە و دوورخستنەوەی دەستی حزب لە حکوومەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی”.

لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و نەھێشتنی گرژییەکان گوتیشی: “دەبێت ھەموو ھێزە نیشتیمانییەکان ئەگەر بۆ ئایندەی وڵات کاربکەن دەبێت لەگەڵ چاکسازی و تێپەڕاندنی گرژییەکان بین و بە گرژی ناگەینە ھیچ ئەنجامێک دەبێت ھەموومان یەک دەنگ و یەک ڕەنگبین بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەی چاکسازی گشتگیر لە کوردستان دەستپێبکەین بۆ ئەوەی متمانەی نێوخۆی بەدەستبھێنینەوە و ھەر کاتێک پشتیوانی نێوخۆییمان ھەبوو لە بەغداش و لە وڵاتانی دراوسێش دەنگمان بەھێزترە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button