ڕووسیا هەناردەکردنی گاز بۆ فینلەندا ڕادەگرێت

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمپانیای نەوتی گازپڕۆمی ڕووسیا وتی هەناردەکردنی گازی بۆ فینلەندا ڕاگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتە ڕەتی کردۆتەوە پارەی گازە ڕووسییەکە بە ڕوبڵی ڕووسی بدات.

فینلەندا و سوید بە فەڕمی داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆیان کردووە، بڕیارەکەشیان لە داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەرچاوەی گرتووە.

کۆمپانیای فرۆشیاری گازی دەوڵەتی فینلەندا گاسوم و حکومەتی فینلەندا و کۆمپانیا تایبەتەکانی گازی ئەو وڵاتە وتیان ئامادەن بۆ نەمانی هاوردەکردنی گازی ڕووسیا.

زۆرینەی گرێبەستەکانی گاز لەنێوان ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپادا بە یۆرۆ یاخود دۆلار بووە، ڕووسیا داوای کردووە ئەو وڵاتانی دۆستی ڕووسیا نین پارەی گازەکەی بە ڕوبڵ بدەن. مانگی ڕابردووش مۆسکۆ هەناردەکردنی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە ڕەتیان کردەوە پارەی گازەکە بە ڕوبڵ بدەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button