هەدەپە: زەكی چەلەبی لەلایەن توركیاوە تیرۆركراوە

لڤین:
حیکمەت خەتیب، هاوسەرۆکی نوێنەراتیى هەدەپە لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: دەوڵەتی داگیرکەرى تورکیا لە رێگای لەشکرکێشیی سەربازییەوە دەیەوێت ئامانجەکانی لەسەرجەم پارچەکانى کوردستان بەدى بهێنێت، لەو چوارچێوەشدا ڕۆژانە لە تورکیا و باکووری کوردستان و باشوورى کوردستان ئەندامەکانمان ڕووبەڕووى هێرش و پەلەماردان لەلایەن تورکیاوە دەبنەوە و بەشێکى دیکەش لەوانە هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە.
هاوسەرۆکى نوێنەرایەتى هەدەپە لە هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو کەسانەى وەک پەنابەرى سیاسیى لە باکوورى کوردستانەوە هاتوونەتە باشوورى کوردستان، ڕۆژانە مافەکانیان پێشێل دەکرێت و ڕووبەڕووى هەڕەشە و مەترسیى و تەنانەت شەهیدکردنیش دەبنەوە، لەکاتێکدا ئەو هاوڵاتییانە، کەسانى وڵاتپارێز و خەباتکەرن و دژی داگیرکارییەکانى تورکیا تێکۆشان دەکەن، لە ئێستاشدا هێرشکردنە سەر تێکۆشەران بۆ ئەوەیە تا تێکۆشان ئازادیی گەلی کورد تێکبدەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حیکمەت خەتیب باسی لەوەشکرد، کە زەکی چەلەبی تیکۆشەر و وڵاتپارێزێکى گەلی کورد بوو و وتی: لە بەرامبەر داگیرکارییەکانى دەوڵەتی تورکیا دەوەستایەوە، بۆیە ڕووی لە باشووری کوردستان کرد، بەڵام لەلایەن تورکیاوە شەهید کرا، بۆیە هەرکەسێک دەستدرێژبکات بۆ ئەندامان و وڵاتپارێزان، ئەوا دەستی دەشکێنین و ئەو جۆرە کردەوانە شەرمەزار دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان داوا لە بەرپرسانی یەکێتی دەکات، “وەک بەرپرسى یەکەم لە دۆخى سلێمانى، کە تاوانبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەستگیربکەن و بەسزای خۆیانی بگەیەنن، وەک هەمیشە ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتی ئازادی و هیچ کاتێک ئەم کردەوانە نامان وەستێنین”.