نەتەوە یەکگرتووەکان: رەنگە برسێتی و کۆچی بەکۆمەڵ لە جیهاندا ڕووبدات

لڤین:
بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) رایگەیاند کە داخرانی بەندەرەکانی ئۆکراینا بەڕووی هەناردەکردنی دانەوێڵە بۆ وڵاتانی جیهان “جەنگێکە لە دژی ئاسایشی خۆراکی جیهانی” و هۆشداری دا لەوەی رەنگە “برسێتی و کۆچی بەکۆمەڵ” ڕووبدات.
بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی، دەیڤید بیزلی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە لەسەر ئاستی وەزیران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، گوتی: “سەرۆک پوتین، بانگەوازتان لێدەکەم، ئەگەر دڵتان هەیە تکایە ئەم بەندەرانە بکەنەوە.”
بیزلی ئەوەیشی خستەڕوو کە بێتوانایی لە هەناردەکردنی ئەو دانەوێڵانەی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا هەڵگیراون “جەنگێکە لە دژی ئاسایشی خۆراکی جیهانی” و هۆشداری دا لەوەی ئەگەر بەندەرەکان نەکرێنەوە، رەنگە “برسێتی و کۆچی بەکۆمەڵ” رووبدات.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس رایگەیاند، ئاستی برسێتی جیهانی بەرەو ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ دەڕوات و ئەو کەسانەی رووبەڕووی نائاسایشی توندی خۆراک بوونەتەوە لە دوو ساڵی رابردوودا لە ١٣٥ ملیۆنەوە بۆ ٢٧٦ ملیۆن کەس زیادیکردووە.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس لە بارودۆخی برسێتیدا دەژین و ئاشکراشی کرد کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەڕێژەی لەسەدا ٥٠٠ زیادی کردووە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆکراینا و رووسیا نزیکەی یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی جیهان لە گەنم و جۆ و نیوەی پێداویستییەکانی زەیتی گوڵەبەڕۆژە دابین دەکەن و گوتی: “لە پەیوەندییەکی چڕدان لەگەڵ رووسیا، ئۆکراینا، تورکیا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکراینا”.