حکومەتی هەرێم بڕیاریدا پارەی پێویست بۆ مووچە دابین بكرێت

لڤین:

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كرد، كه‌ تێیدا بڕیار درا پێدانی شایستەی مووچەخۆران ئەولەویەت بێت و پێش هەر خەرجییەکی دیکە بێت و ئە‌و كورتھێنانە‌ی ھە‌یە‌ پڕ بكرێتە‌وە.

ئەمڕۆ سێشەممە 17/5/2022، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەکان و كورتهێنانی مووچە وگرفتە داراییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ئەنجام درا.

سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە داراییەی لەماوەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین درووست بووە، تایبەت بە کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.

لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا ‌جە‌خت كرایە‌وە‌ كە‌؛ ئەرکی لە پێشینەی حکوومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێویی هاووڵاتیان و حکوومەت بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات و ئەرک وبەرپرسیارێتیی کابینەکەشە، چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا وناوچەیەکی هەرێم بێت.

پاشان هۆکارەکانی کورتهێنان و کێشە داراییەکان وپێشنیارەکانی چارەسەرکردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانە ڕوو، ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی جەختیان کردەوە کە؛ حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی هەرێمی كوردستان دەکات و “بەرپرسیارێتی سەرشانیشمانە کە شایستەی دارایی مووچە‌خۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەک یەک دابین بکرێت و ئەمەش ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیەیە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجیەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواو کردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە هەمانکاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ بە هاوئاهەنگی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵه‌بجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانکییەکان بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان سەبارەت بە داهاتە گشتییەکان و گەیشتن بە ڕاست ودروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئامادەی بوون.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button