عومەر گوڵپى: وەڵامەکانی ئاواتی شێخ جەناب پەیوەست بە مووچە بڕوا پێهێنەرنین

لڤین:

پەرلەمانتار عومەر گوڵپى، وەڵامی وەزیری دارایی سەبارەت بە دواکەوتن و خاو دابەشکردنی مووچە، بە خۆلادان لە وەڵامی ڕاستەقینە ناودەبات و دەڵێت: بڕواپێهێنەر نین.

عومەر گوڵپی،‌ ئەندامی‌ فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى و لە هەمانکاتیشدا ئەندامى لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ هەرێمى، کوردستان، لە نووسینێکدا، کە لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە وەڵامى ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان دەداتەوە.

عومەر گوڵپى نوسوێتى: بە نوسراوی‌ فەرمی‌ لە ٢٣-‌ ١-‌ ٢٠٢٢، داوای‌ ڕوونکردنەوە و زانیارییمان کرد لە هۆکاری‌ دواکەوتنی‌ مووچە و خاو دابەشکردنی، لە بەرامبەردا وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم بە نووسراوی‌ ژمارە ٧ – ١ – ٤٧٧٤، لە بەروارى ١٨-‌ ٤-‌ ٢٠٢٢، وەڵامی‌ داوینەتەوە و لە وەڵامەکەیدا هۆکاری‌ خاو دابەشکردنی‌ مووچەی‌ لە مانگەکانی‌ ڕابردوو بۆ نەناردنی‌ بڕى ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا گەڕاندووەتەوە .

ئەو ئەندامەى پەرلەمانى هەرێم وتوشیەتى: ئەو وەڵامە بۆ ئێمە بڕواپێهێنەر نیە و خۆلادانە لە وەڵامی‌ ڕاستەقینە و دەستخستنەسەر برینەکان، چونکە پێویستە ئەو وەزارەتە هۆکارەکانی‌ خاو دابەشکردن ‌و دواکەوتنی‌ مووچە و کێشە داراییەکان بۆ هاوڵاتیان ڕوونبکاتەوە و بە هاوڵاتیانی‌ سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان ‌و ڕاپەڕین بڵێت، هۆکار چییە، کە ئەو گرفتە‌ لەو شارانە هەیە و لە هەولێر و دهۆک نیە؟.

عومەر گوڵپى دەشڵێت: حکومەتی‌ هەرێم لە سەرەتای‌ ساڵی ٢٠٢١ەوە بەڵێنیدا لەهەموو ٢٥ی مانگێک تەواوى مووچە لەماوەی‌ هەفتەیەکدا دابەشبکات، بەڵام لە مانگی‌ ١١ و١٢ی‌ ساڵی‌ ٢٠٢١ ەوە تا ئێستا مووچە نەک بە هەفتەیەک، بەڵکو بە ٢٠ڕۆژ و زیاتریش دابەش دەکرێت، بەجۆرێک لە ئێستادا مووچەی‌ مانگێک دواکەوتووە.

ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى هەرێم باسیلەوەشکردووە: داهاتی‌ ئێستای‌ هەرێم تەنانەت بە زانیارییەکانی‌ بەرپرسانی حکومەتیشەوە بەبێ ٢٠٠ملیار دینارەکە زیاترە لە پێویستی‌ بۆ مووچە و دابیننکردنى خزمەتگوزاریی‌، بەڵام حکومەت مووچە لەکاتی‌ خۆی‌ دابەش ناکات‌ .

عومەر گوڵپى ڕاشیگەیاندووە: لە سلێمانی کێشەی‌ دواکەوتنی‌ مووچە زیاترە، ئەوەش بەهۆى خەرجنەکردنی‌ پارەی‌ کۆمپانیاکانی‌ دەرمان ‌و پاککردنەوە و لە هەمانکاتیشدا وەستانی‌ پڕۆژەکان، کە دۆخێکی سەختیان بۆ هاوڵاتیانى سنورەکە دروستکردووە.

ئەو پەرلەمانتارە لە کۆتایشدا ئەوەى خستووەتەڕوو: بەرپرسیارێتی‌ وەزیری‌ داراییە زانیاریی ‌و ڕاستیەکان وەک خۆی‌ بۆ هاوڵاتیان ڕوونبکاتەوە و بە پێی‌ یاسا وردەکاری‌ داهات ‌و خەرجی‌ حکومەت بۆ ئێمە و هاوڵاتیان ئاشکرا بکات، چونکە پارە و داهات موڵکی‌ هاوڵاتیانى کوردستانە نەک حزبەکانی‌ دەسەڵات.

جێگەى ئاماژەیە، یەکێک لە بیانووەکانى حکومەتى هەریمى کوردستان بۆ خاو دابەشکردنى مووچە و دواکەوتنى لە وادەى خۆیدا نەناردنى بڕى ٢٠٠ ملیارەکەیى لەلایەن عێراقەوە لەکاتێکدا مانگانە بەغدا ئەو برە پارە دەنێرێت و لەو چوارچێوەشدا لە ڕۆژى ١٥ ى ئەم مانگەدا حکومەتى عێراق بڕى ٢٠٠ ملیارەکەى بۆ حکومەتى هەریمى کوردستان نارد.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button