کیم جۆنگ فەرمانی کرد سوپا دەستوەردان بکات لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

لڤین:

سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تا ماوەیەک لەمەوبەر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پەتاکە لە وڵاتەکەیدا بڵاونەبووەتەوە، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بەشداری بکات لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA)، کیم هۆشداری دا لە درەنگکەوتنی دابەشکردنی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا لەلایەن یەدەگی دەرمانی دەوڵەتەوە بەسەر دەرمانخانەکاندا.

کیم باسی لەوە کرد هەرچەندە لە بڕیارێکی بەپەلەدا کە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریا دەرکراوە داوای کردووە دەرمانەکانی نێو یەدەگی دەوڵەت بەپەلە بەسەر دەرمانخانەکاندا دابەش بکرێن و دەرمانخانەکانیش ٢٤ کاتژمێر کراوەبن، بەڵام ئەو بڕیارە بەپێی پێویست جێبەجێ نەکراوە.

هاوکات کیم فەرمانی بە یەکەی پزیشکیی سوپا کرد دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی دابینکردنی دەرمان لە پیۆگیانگ-ی پایتەخت سەقامگیر بێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆریای باشوور، یون سوک ییۆل ئاماژەی بەوە کرد کە دەتوانن ڤاکسین، دەرمان، پێداویستی پزیشکیی و کارمەندی پێویست رەوانەی کۆریای بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button