فینلاند بە شێوەیەکی فەرمی داوای ئەندامێتی لە ناتۆدا ڕادەگەیەنێت

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێكی دەنگی ئەمریکا، فینلاند ڕۆژی یەکشەممە بە فەرمی پلانەکانی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا ڕاگەیاند, بە پشتگوێخستنی هۆشداریی ڤلادیمیر پۆتن سەرۆکی ڕووسیا سەبارەت بەوەی کە ڕایگەیاندبوو ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە ئاشتیانەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.

ساوێلی نیینیستە سەرۆک کۆماری فینلاند و سانا مارین سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە هێلسنکی نیازی خۆیان بۆ چوونە ناو ناتۆ ڕاگەیاند.

نیینیستە گوتی”ئەمە ڕۆژێکی مێژووییە”. گوتیشی “سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات”.

بەیاننامەی فینلاند بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو.

ناتۆ کە لە ساڵی 1949 بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە جەنگی سارددا دامەزراوە، بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئەمەریکاوە رێبەرایەتی دەکرێت.

هەروەها پێشبینی دەکرێت سویدی دراوسێی ڕۆژئاوای فینلاند، داوای چوونە ناو ناتۆوە بکات.

تورکیا سەرەتا بە شێوەیەک دژایەتی خۆی بۆ ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناو ناتۆدا ڕاگەیاند، بەڵام ڕۆژی شەممە گوتی ئێمە دەرگاکان بەڕووی ئەو دوو وڵاتەدا داناخەین.

هەر جۆرە فراوانبوونێکی ناتۆ پێویستی بە ڕەزامەندی یەکدەنگی ئەندامانی ئێستای هاوبەندەکە هەیە.

ئەمەریکا ڕایگەیاندوە پشتگیری لەپلانەکانی فینلاند و سوید دەکات بۆ ئەندامێتی ناتۆدا.

پێدەچێت پڕۆسەی داواکەی ئەو دوو وڵاتەی باکوری ئەوروپا بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆدا بەخێرایی بەڕیوەبچێت، چوونکە یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فینلاندییەکان “بە گەرمی پێشوازیان لێدەکرێت”، و بەڵێنی دابوو کە پرۆسەی ئەندامێتییەکەیان “ڕێکوپێک و خێرا” بەڕێوەبچێت.

کرێملین ڕایگەیاندوە کە پوتن، سەرۆکی رووسیا ڕۆژی شەممە لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فینلاند هۆشداریداوە بەو وڵاتە و گوتوێتی وازهێنانی فینلاند لە سیاسەتی بێلایەنی سەربازی هەڵەیە، چونکە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی فینلاند لە ئارادا نییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کرێملیندا هاتوە “گۆڕانێکی لەو شێوەیە لە سیاسەتی دەرەوەی فینلاندا دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەو وڵاتە هەبێت، ئەو پەیوەندیانەی کە ساڵانێکە بە ڕۆحێکی دراوسێیەتی و ئاشتییەوە پارێزراوە و بۆ هەردوولا سودمەند بووە”.

لەدوای ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆدا، سنووری 1300 کیلۆمەتری ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕووسیا دەبێتە درێژترین سنووری نێوان ئەندامێکی ناتۆ لەگەڵ ڕوسیادا.

ڕووسیا وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی ئاشکرا بەرامبەر بە داواکاری فینلاند بۆ ئەندامبوون لە ناتۆدا کارەبای ئەو وڵاتەی بڕیوە.

فینلاند لەسەدا 10ی وزەی خۆی لە ڕووسیاوە وەردەگرێت، و لە ئێستادا کەم و کورتییەکانی وەزی لە لایەن سویدەوە دابین دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button