سەدر: تاکە بژاردە کە لە بەردەممان ماوە ئەوەیە ببین بە ئۆپۆزیسیۆنێکی نیشتمانی

لڤین:

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ده‌ڵێت، “ئێمە سەرکەوتو نەبوین لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، بەڵام هێشتا بژاردەیەکمان لەبەردەمدا ماوە کە ببین بەئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی، گەر لایەنەکانی دیکە تەنانەت ئەوانەش کە هاوپەیمانمان بون بتوانن حکومەت پێکبهێنن”.

سەرۆکی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەدوایین ھەڵوێستیدا لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونی کاتی بۆ ماوەیەک کە لە ٣٠ رۆژ کەمتر نەبێت، ھەڵبژارد.

موقتەدا سەدر، لە رێگەی ھەژماری خۆی لە تویتەر پەیامێکی نوێی لەسەر دۆخی سیاسیی چەقبەستووی عێراق بڵاوکردەوە.

سەدر، لە پەیامەکەیدا رایگەیاند شانازی بەوە دەکات کە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە لە مێژووی عێراق و بەوەی کە سەرکەوتوو بووە لە درووستکردنی گەورەترین کوتلە لە دەرەوەی پشکپشکێنە و دەڵێت:”شانازی بەوەوە دەکەم کە پشتم بەخۆمەوە بەست و بەدوای لایەنی دەرەکی نەکەوتم. شانازی بەوەوە دەکەم کە نەچوومە بەر دادگا بۆ راییکردنی پێداویستییەکانی گەل و داواکارییەکانی پێکھێنانی حکوومەت”.

سەرۆکی رەوتی سەدر ئاماژە بەوەش دەکات کە بەھۆی زیادبوونی ئەو فشارانەی کە لە ناوەوە و لەدەرەوە کراوەتە سەری سەرکەوتوو نەبووە لە ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی.

موقتەدا سەدر، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تاکە بژاردەی کە لە بەردەمیان ماوە ئەوەیە ببن بە ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتمانی و دەڵێت:”بەڵام جگە لە بژاردەیەک کە دەبێت تاقیبکەینەوە ھیچی دیکە لە بەردەمماندا نەماوە ئەویش بوون بە ئۆپۆزیسیۆنێکی نیشتمانییە بۆ ماوەیەک کە لە ٣٠ رۆژ کەمتر نەبێت”.

سەدر راشیگەیاند ئەگەر لایەنەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەوانەی کە هاوپەیمانیش بوون لەگەڵیان سەرکەوتوو بوون لە پێکھێنانی حکوومەتێک بۆ ھەڵگرتنی نەھامەتییەکانی گەل ئەوە پیرۆزیان بێت و دەڵێت:
“بەپێچەوانەوە ئەوە بڕیارێکی دیکەمان دەبێـت کە لەکاتی خۆیدا رایدەگەیەنین”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button