ئەمریکا سزای زیاتری بەسەر رووسیادا سەپاند

لڤین:

حکوومەتی ئەمریکا سزای بەسەر هەشت ئەندامی ئەنجوومەنی کارگیڕیی سبێربانک کە یەکێکە لە بانکە گەورەکانی رووسیا و ٢٧ ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی گازپرۆمبانک، هەروەها سێ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی سەربە رووسیادا سەپاند.

لە دوای لووتکەی سەرکردەکانی G7 کە بەشێوەی ئۆنڵاین و بە بەشداری سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی بەڕێوەچوو، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەس و دەزگایانەی خستووەتە لیستی سزاکانەوە کە رۆڵێکی گرنگ و هەستیاریان هەیە لەڕووی توانای جەنگیی رووسیا.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەنێو ئەوانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دوو گەورەترین بانکی رووسیا، بانکێکی دەوڵەتی رووسیا و ١٠ دامەزراوەی سەربە دەوڵەت، بەرهەمهێنەرێکی چەک کە پشتیوانی دەوڵەت دەکات لەگەڵ سێ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان.

لەو چوارچێوەیەشدا هەشت ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی سبێربانک کە گەورەترین بانکی رووسیایە خراونەتە لیستی سزاکانەوە و ٢٧ ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی گازپرۆمبانک کە یەکێکە لە بانکە گرنگەکانی وڵاتەکە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سزا بەسەر بانکی پیشەسازیی مۆسکۆ و ١٠ هاوبەشیدا دەسەپێندرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کۆمپانیای “پرۆمتیخنۆلۆگیا” بواری بەرگریی کە خزمەتگوزاری سەربازیی و هەواڵگریی دەستەبەر دەکات خراوەتە لیستی سزاکانەوە، لەگەڵ سێ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی رووسیادا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button