میدیای یەکێتی: پارتی لە حاجی ئۆمەران سەرانە لە شۆفێران وەردەگرێت

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێک کە میدیایی یەکێتی بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت سەرەرای ئەوەی بەچەندین شێواز لە رێگای کۆمپانیای جۆراوجۆر رۆژانە پارە لە کاسبکاران وەردەگیرێت، لەسەرەتای ئەم مانگەشەوە بەبڕیارێکی حزبی لە سنوری زۆنی زەرد لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەبێت هەر بارهەڵگرێک بڕی 15000 دینار بدەن بۆ هەر بارێک و پارەکەش ناچێتە خەزێنەی گشتی دەوڵەت و دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی حزبی و سەربازی پارتی، بۆیە وەک ئەرکێکی خۆمان ھەموو رێکارێکی پەرلەمانی دەگرینەبەر بۆ وەستاندنی ئەو جەردەیی و تاڵانیەی بەرامبەر شوفێران و کاسبکارانی ئەو دەڤەرە دەکرێت.

 

لەو بارەیەوە لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوەو وتی: وەرگرتنی سەرانە لە شوفێرانی بارھەڵگری مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ھەموو سنورێکی تێپەراندوە و سەرەرای ئەوەی بەچەندین شێواز لە رێگای کۆمپانیای جۆراوجۆر رۆژانە پارە لە کاسبکاران وەردەگیرێت ، کەچی لە سنوری زۆنی زەرد بەمەش تێریان نەخوارد ، لە رۆژی 1-5-2022 بەبریارێکی حزبی ھەر ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کاربکات (بار بێنێت یان بيبات ) دەبێت رۆژانە 15000 دینار بدات بۆ ھەربارێک ، ئەو پارەیە بەھیچ شێوەیەک ناچێتەوە خەزێنەی گشتی دەوڵەت بەڵکو دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی حزبی و سەربازی پارتی ؟

وتیشی: ئەوە جگە لەوەی بۆ ھەر بارێک بڕی 7000 دینار وەک دڵنیایی وەردەگیرێت تا ئێستاش لەگەڵ ئەوەی چەندین کارەساتی ھاتووچۆ رویداوە، ھیچ ئۆتۆمبێلێک قەرەبوو نەکراوەتەوە، سەرەرای ئەوەش لەمانگی پێشوو ھەر شوفێرێکی بارھەڵگر بری 100000 دیناری لێسەندراوە بەبیانووی نۆژەنکردنەوەی گۆرەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل (گەراج) ؟.

لوقمان وەردی دەشڵێت: لە ئێستادا لە مەرزی حاجی ئۆمەران زياتر لە 633 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر کاردەکەن بەپێی سەپاندنی ئەم بریارە حزبیە لانیکەم مانگانە ھەر ئۆتۆمبێلێک زیاتر له 220000 ھەزار دیناری لێوەردەگیرێت و سەرباری ئەوەش بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگری ترانزێت بری 50$ پەنجا دۆلار وەردەگیرێت.

 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتیشی: بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل تازەی ھاوردەکراو بری 50$ پەنجا دۆلار وەردەگیرێت و ئەم برەپارەیە مانگانە دەکاتە سەدان ھەزار دۆلار و راستەوخۆ بۆ گیرفانی تایبەتی بەرپرسانی حزبی و سەربازی پارتیە ، ئەوەی ئێستا بەرامبەر شوفێرانی کاسبکاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەکرێت ، جگە لە راوەرووت و جەردەیی و رووتکردنەوەی كاسبكاران شتێکی تر ھەڵناگرێت ، بۆیە وەک ئەرکێکی خۆمان ھەموو رێکارێکی پەرلەمانی دەگرینەبەر بۆ وەستاندنی ئەو جەردەیی و تاڵانیەی بەرامبەر شوفێران و کاسبکارانی ئەو دەڤەرە دەکرێت .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button