لە هەولێر گومان دەکرێت منداڵێک تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت

لڤین:

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە سنووری پارێزگای هەولێر تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون نەبووە، تەنیا گومانلێکراوێک هەیە و سامپڵی خوێنی لێ وەرگیراوە.
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، “منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ کە لە نێوەڕاستی عێراقەوە هاتووە، گوماندەکرێت هەڵگری تای خوێنبەربوون بێت، بۆ ئەو مەبەستە لە نەخۆشخانەیە و لە لایەن پزیشکەوە چاودێریی دەکرێت و سامپڵی خوێنی لێ وەرگیراوە.”
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر وتیشی، “لە 27-04-2022 بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەک کرا بۆ رێگریکردن لەو نەخۆشییە، هەر یەکە لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتیرنەری و سامانی ئاژەڵ و تەندروستیی هەولێر تێیدا ئامادەبوون، رێکاری پێویست گیراونەتە بەر.”
بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، ئەو منداڵەی کە گوماندەکرێت هەڵگری نەخۆشییەکە بێت، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی راپەڕینە لە هەولێر و لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە و لە نەخۆشانی دیکە جیاکراوەتەوە، دەشڵێت، “منداڵەکە تەمەنی دوو ساڵ و نۆ مانگە، سامپڵی خوێنی لێ وەرگیراوە و رەوانەی تاقیگە کراوە.”
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ لەڕێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە، ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەکو گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ رۆڵ دەگێڕن، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
د. دلۆڤان محەممەد باسی لەوەش کرد، ئەو منداڵە نەخۆشی هەوکردنی جگەری هەبووە و بۆ چارەسەری تەندروستی هاتووەتە هەولێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نیشانەکانی نزیک بووە لەو نەخۆشییە، بۆیە پزیشکی چارەسەرکار گوماندەکات کە هەڵگری ئەو نەخۆشییە بێت، بەڵام ئەو جارێ تەنیا گومانە و پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات.
لە ساڵانی رابردوو لە هەرێمی کوردستان تووشبووی تای خوێنەبەربوون تۆمار کراوە، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر ئەمساڵ جگە لەو منداڵەی کە گوماندەکرێت هەڵگری نەخۆشییەکە بێت، هیچ کەسێکی دیکە تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون نەبووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button