خانەوادەی  شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردوە

لڤین:

خانەوادەی  شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان رایگەیاند، ١٢ ساڵ پێداگری و سوربوونی سەرکردایەتی پارتی لەسەر ئەم تاوانە دڕندانەیە و پەنادانی تیرۆرستان و بکوژان بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دوژمنایەتی کوێرانەی ئەم حزب و دەسەڵاتەیە لەگەل سادەترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ” ئەمرۆ شتێک نیە بەناوی دەسەڵاتی مەدەنی و سیاسی، هەموو خەڵکی کوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەوەی لەم مەملەکەتەدا ناوی نراوە حکومەت و حوکمڕانی تەنها چەند حزبێکی میلیشیایین بەزەبری چەک کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە. ئەو حزبانەش لەلایەن چەند بنەماڵەیەک کۆنترۆڵکراون.”

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی خانەوادەی سەردەشت عوسماندا باسی ئەوەش کراوەکە  تیرۆری هەر سەردەشتێک چەندین سەردەشتی تر دەهێنێتە سەر شانۆی سیاسی و رێگایان هەموار و هەموارتر دەکات، بێگومان تێپەرینی کات ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەکەی بکات بە ڕابردوو… ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆش نابین لەگەل تێپەرینی کات لە پەنادان و پاراستنی تاوانکاران و بکوژاندا. رق و توڕەییمان لەم تاوانکاری و ستەمگەریە زیاتر دەبیت و لەسەر دادگایی و سزای عادلانەی تیرۆری سەردەشت و هەموو تاوانکارە دەست خوێناویەکان هەموو کاتێک پێداگر و پێداگرتر دەبین.

سەردەشت عوسمان رۆژنامەنووسێکی لاوی شاری هەولێر کە خوێندکاری قۆناغی چواری زانکۆ بوو، ١٢ ساڵ لەمەوبەر، لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین رفێنرا و دواتر تەرمەكەی لە شەقامێكی شاری موسڵ دۆزرایەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button