پەیامنێرانی بێسنوور: عێراق و ئێران لە ڕیزی 10 خراپترین وڵاتانی جیهاندان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری

لڤین:

بەپێی دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور کە رۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، ئێران و عێراق لە ڕیزی 10 خراپترین وڵاتی جیهاندان بۆ ئازادی رۆژنامەگەری و عێراق بە شەش پلە بارودۆخی لە ئێران باشترە.

ڕیکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ڕێزبەندی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە 180 وڵاتدا لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم پرسە کردووە و ئاماژەشی بە کاریگەری پرسە جیهانی و ململانێکان کردوە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێسنوور لە کاتێکدا کە نەرویج و دانیمارک و سوید سێ وڵاتی یەکەمن لە رێزبەندییەکەدا کە لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە لە ڕەوشێکی باشدان، بەڵام ئەو رێکخراوەیە دەڵێت بارودۆخی ڕۆژنامەگەری لە 28 وڵاتی دیکەدا لەوانە ئێران و عێراق لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.

ئێران وەک یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕینەوە 178مین وڵاتە لە نێوان 180 وڵاتدا، ئەمەش بەو مانایەیە کە تەنیا ئێریتریا و کۆریای باکور لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە لە ئێران دۆخیان خراپترە.

لەم پۆلێن بەندییەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری لەو وڵاتانەدا، یەک باشترین و 180 خراپترین پلەیە.

پەیامنێرانی بێ سنوور هەروەها دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتانی بێلاڕووس، ئازەربایجان، ڕووسیا، ئەفغانستان، پاکستان، کوێت، ڤەنزوێلا، عەرەبستانی سعودیە، میسر، یەمەن، سوریا، عێراق، چین و میانمار بە “زۆر خراپ” ناودەبات.

ئێران کە لە ساڵی ڕابردوودا لەپلەی 174ی ڕیزبەندییەکەدا بووە، لە ڕیزبەندی ئەمساڵدا 4 پلە دابەزیوە و تەنانەت تورکمانستان کە یەکێکە لە داخراوترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە ئەمساڵ بە بەراورد بە ئێران لە دۆخێکی باشتردایە.

لەم ساڵانەی دواییدا ئێران بەردەوام یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی بەندکراوی هەبووە و لە ئێستادا ڕێکخراوەکە دەڵێت 24 ڕۆژنامەنووس لە ئێران بەندکراون و ئەمەش وایکردوە کە ئەو وڵاتە دوای چین کە تێیدا 127 ڕۆژنامەنووس بەندکراوە، گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانان بێت.

پەیامنێرانی بێسنوور هەروەها لە بارەی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتی تورکیا دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەموو ئامرازەکان بەکاردێن بۆ بێدەنگ کردنی ڕەخنەگران و ڕۆژنامەوانان و دەشڵێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2023 سەرۆک ڕەجەبی تەیب ئەردۆغان هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان زیادکردووە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکەکەی لە قەیرانی ئابووری و نەمانی دێموکراسی بەلاریدا بەرێت.

تورکیا لە ڕێزبەندی ئەمساڵی ئەو ڕێکخراوەیەدا پلەی 149هەیە.

عێراقیش یەکێک لەو وڵاتانەیە لەم ڕاپۆرتەدا کە لە ڕووی ئازادی ڕاگەیاندنەوە لە ڕۆشێکی خراپدایە و ئەمساڵ لە ریزبەندی پەیامنێرانی بێسنووردا لە پلەی 172 دایە.

ئەو ڕێکخراوەیە لە بارەی دۆخی ڕۆژنامەوانانەوە لە عێراق دەڵێت ڕۆژنامەنووسان لە نێوان تیرۆریزم و ناسەقامگیری سیاسی و خۆپیشاندانی جەماوەریدا ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک دەبنەوە و حکومەتی لاوازی ئەو وڵاتەش ناتوانێت ئەرکی پاراستنی ڕۆژنامەوانان جێبەجێ بکات.

سوریاش بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری لە دۆخێکی خراپدایە و لە نێوان ئەو سەد و هەشتاد وڵاتەدا پلەی 171ی هەیە.

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە بارەی سوریاوە دەڵێت “لەم وڵاتەدا کە زیاتر لە دە ساڵە ڕووبەڕووی شەری نێوخۆییە، دەستگەیشتن بە چەندین ناوچە بۆ ڕۆژنامەنووسان قەدەغەکراوە و دەشڵێت ڕژێمی ئەسەد وەک ئامرازێک مامەڵە لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامەکاندا دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای بەعس.

ئەو رێکخراوەیە دەشڵێت ڕۆژنامەنووسانی سوریا ڕووبەڕووی مەترسی دەستگیرکردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان یان کوشتن دەبنەوە، هەر بۆیەش زۆربەیان ناچار بوون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵین و ڕوو لە تورکیا و وڵاتانی دیکە بکەن.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF) رێکخراوێکی جیهانییە کە بەپێی مادەی 19ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەرگری لە ئازادی ڕاگەیاندن دەکات.ڕێکخراوەکە لە فەڕەنسا لە مانگی 6ی ساڵی 1985 دامەزراوە و لەو کاتەوە تاکو ئێستا هەموو ڕۆژێک کار بۆ ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەوانانە دەکات کە بە هۆی پیشەکەیانەوە زیندانی کراون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button