کازمی و مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

لڤین:

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی رەوشی عێراق و ئەو هێرشە مووشەکییەیان کرد کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کرایە سەر قەزای خەبات سەربە پارێزگای هەولێر.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، مستەفا کازمی و مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و لە میانیدا پیرۆزبایی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانیان لە یەکتر کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، مستەفا کازمی هیوای خواستووە گەلی عێراق لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا بە هێز و سەرکەوتووانە بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بن، و نزای بەردەوامی سەقامگیریی و ئاسایشی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و گەلی کورد و گشت خاکی عێراق بە چیا و دەشتەکانی و سەرجەم پێکهاتەکانی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا باس لە بارودۆخی ئەمنی و بەئامانجگرتنی یەکێک پاڵاوگەکەکان لەلایەن گرووپە تیرۆریستی و تاوانکارەکان لە قەزای خەبات سەر بەپارێزگای هەولێر کراوە.

لەمبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە “هێزە چەکدارە قارەمانەکانمان بەدوای ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەدا دەکەون و گەلی عێراقمان لە هەموو شوێنێک بە یەکڕیزی و بە هێز و سووربوون بۆ تێکشکاندنی تیرۆر و چەسپاندنی یاسا بەهێزتر دەبن”.

پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، چەتەکانی تیرۆر و تاوان، پاڵاوگەی کۆمپانیای کار-یان لە ناحییەی کەورگۆسک سەربە قەزای خەبات سەر بە پارێزگای هەولێر بە مووشەک کردووەتە ئامانج.

هەروەها هەریەک لە دەزگای دژە تیرۆر، وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سێ راگەیەندراوی جیادا رایانگەیاندبوو کە، شەش مووشەک لە نزیک زێی بادینان لە سنووری قەزای خەبات کەوتوونەتە خوارەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button